دەیان داری 45 ساڵە لە شێلادزێ تێکشکاون

لە شێلادزێ؛ بەهۆی بەفر و بارانەوە دەیان دار تێکشکاون و هەوڵەکان بۆ چاندنەوەیان دەستی پێ کردووە.

شەپۆلی بەفر و بارانبارینی ئەم دواییە و شلبوونەوەی خاک، زیانی بە دارستانە دەستکردەکانی شێلادزێ و سێریێ گەیاندووە؛ بەوهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر دار کەوتوون و تێکشکاون.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە سنووری دارستانە دەستکردەکانی شێلادزێ، زیاتر لە 70 داری سنەوبەر بەهۆی قورسیی بەفر و شلبوونەوەی زەوی شکاونەتەوە؛ تەمەنی ئەم دارانە لە سەرووی 45 ساڵە.

سامی بنیامین، چالاکوانی بواری ژینگە لە ناوچەکە رایگەیاند، لەدەستدانی هەر دارێک وەک لەدەستدانی بەشێک لە سییەکانی ئەم دەڤەرەیە و تێکچوونی دارەکان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژینگە و دیمەنی ناوچەکە دەبێت.

 سامی بنیامین داوای لە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد چاودێرییەکی باشتر بۆ دارستانەکە دابین بکەن و لە شوێنی هەر دارێکی کەوتوو، نەمامێکی نوێ بچێننەوە بۆ رێگری لە لەناوچوونی دارستانەکە.

دوای کەوتنی دارەکان، تیمەکانی پۆلیسی دارستان بەشێکیان کۆکردووەتەوە؛ هاوکات بەشێکیشی لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ مەبەستی داربڕین و سووتاندن براون.

عەلی خەمۆ، بەڕێوەبەری دارستان و پاوان لە دێرەلووک و شێلادزێ ئاشکرای کرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستان و پاوانی دهۆک، پلان بۆ دروستکردنی پەرژین (سیاج) بۆ دارستانەکە دانراوە. 

عەلی خەمۆ ئاماژەی بە بوونی پلانێک کرد بۆ چاندنەوەی نەمامی نوێ لە شوێنی دارە کەوتوو یان بڕدراوەکان، بە ئامانجی پاراستنی رووبەری سەوزاییەکە وەک خۆی.

ئەم دارستانە دەستکردە ساڵی 1980 لەسەر رووبەری 109 دۆنم زەوی دروست کراوە و ئێستا موڵکی شارەوانیی شێلادزێ و سێریێ-یە.