شێخ محەممەدی خاڵ؛ ناسنامەی زمان و ئایین لە کوردستان

یەکێکە لەو نوسەرە کوردە بەناوبانگانەی کە پتر لە پەنجا ساڵ هەموو ژیانی تەرخان کردبوو لە خزمەتی کوردا. قەڵەمەکەی بێ ماندووبوون لە کاردابوو تا گیانی سپارد بەو خاکەی کە خۆشەویستی بۆی گەیشتبووە پلەیەکی زۆر بەرزو چووبووە ناو ناخی دەروونیەوە.

 شێخ محەممەدی خاڵ لە بواری ئەدەبی و زمانەوانی و کەلەپوری نەتەوایەتی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و مێژوویدا نوسەرێکی بێهاوتابوو، بەرهەمەکانی لە سەراپای کوردستانی گەورەدا ناسراوەو جێی خۆی گرتووە لە دڵ و دەروونی گەلی کوردا.

محەممەد شێخ عەلی حاجی شێخ ئەمین شێخ محەممەدی خاڵ زانا و نووسەری گەورەی کورد لە ساڵی 1904ـی زایینی لە شاری سلێمانی لە گەرەکی گۆیژە لە دایکبووە، لە ساڵی 1989 لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکردووە و لە گردی سەیوان بە خاک سپێردراوە.

 سەرەتای خوێندنی لای باپیری بووە، هەر لە منداڵییەوە خولیای بۆ خوێندن، نوسین و کتێب هەبووە، دواتر چووەتە لای شێخ عومەری قەرەداغی و بەشێکی زۆری خوێندنی لای ئەو تەواوکردووە.

لەساڵی 1931 باپیری کۆچی دوای دەکات، ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ لەوسەردەمەدا بەڕێکاری سولێمانی بووه، ئاهەنگێکی گەورەلەمزگەوتی حاجی شێخ ئەمینی خاڵ ساز دەکات، کەزۆربەی پیاو ماقووڵانی سلێمانی بانگهێشت دەکرێن و هەر لەم ئاهەنگەدا بەفەرمانی فەڕمیی شێخ خاڵ دەکرێت بەپێشنوێژ و وانەبێژی مزگەوتەکەی باپیری.

لەکۆتایی ساڵی 1931 تا کۆتای ساڵی 1938 بەوانەوتنەوەو پڕۆژەی دانانی فەرهەنگی خاڵ و رێزمانی کوردی و چەند پەرتووکێکی ئایینی وەک “فەلسەفەی ئایینی ئیسلام و ژیانی پێغەمبەر”ەوەسەرقاڵ دەبێت. هەر لەم ماوەکورتەدا دوو پەرتووک بەچاپ دەگەێنێت، پاشان لەساڵی 1939 لەلایەن شالیارێتی دادەوەبانگەواز دەکرێت بۆ پێویستی چەند قازییەک، ئەویش بەشێوەی تاقیکردنەوه.

بەرهەمەکانی: پەندی پێشینان، ناڵەی دەروون دوو بەرگ، فەرهەنگی خاڵ، البیتوشی، فهرس مخطوطات، تەفسیری خاڵ 1-4، تەفسیری خاڵ 27-30.