ترەمپ: دەبێت لەگەڵ ئێران رێککەوین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە نێو فڕۆکە تایبەتەکەی. وێنە: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە نێو فڕۆکە تایبەتەکەی. وێنە: AFP

سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا جەختی کردەوە، کە تاران تەنیا ماوەیەکی کورتی 10 بۆ 15 رۆژی لەبەردەمە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن، ئەگەرنا رووبەڕووی دەرئەنجامی نەخوازراو دەبێتەوە.

پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نێو فڕۆکە، وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: دەبێت بە هەر شێوەیەک بێت رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکەین. 

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، "شتی زۆر خراپ روودەدات ئەگەر لەگەڵ ئێران رێککەوتن نەکرێت، نامەوێت وردەکارییەکەی بڵێم، بەڵام ئەنجامەکەی بۆ ئەوان جێگەی داخ دەبێت."

سەرۆکی ئەمریکا وادەیەکی کورتی بۆ ئێران دیاریی کرد و رایگەیاند: "ئێستا تاران تەنیا 10 بۆ 15 رۆژی لەبەردەمە بۆ ئەوەی بێتە ژێر بار و رێککەوتن واژۆ بکات."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ستایشی دەستکەوتەکانی "ئەنجوومەنی ئاشتی" کرد و گوتی: کە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنەکە ملیاران دۆلاریان بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە تەرخان کردووە.

 ئەو ئاشکرای کرد کە خواستی نێودەوڵەتی بۆ ئەندامبوون لەم ئەنجوومەنەدا زۆرە و دەرگای بۆ زلهێزەکانی دیکەش کردەوە و هەروەها گوتیشی: "پێم خۆشە چین و رووسیاش ببنە ئەندام، چونکە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە پێویستمان بە هەموو وڵاتانە."

لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی بوونی بوونەوەرە ئاسمانییەکان و دیاردە نەناسراوەکان، ترەمپ خۆی لە وەڵامی یەکلاکەرەوە بەدوور گرت، بەڵام هێرشی کردە سەر باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا.
ترەمپ ڕایگەیاند: "ئۆباما هەڵەیەکی گەورەی کرد کە باسی هەندێک زانیاریی کرد؛ نەدەبوو ئەو بابەتانە باس بکات چونکە زانیاریی زۆر نهێنی بوون."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەو ئامادە نییە هەمان هەڵە دووبارە بکاتەوە و دووپاتی کردەوە، "من ناتوانم بڵێم بوونیان هەیە یان نا، نامەوێت زانیاریی نهێنی ئاشکرا بکەم، چونکە ئەوە تووشی کێشەی یاسایی و ئەمنیم دەکات."