دەستەی چاودێری دەریایی دانیمارک: دەستمانبەسەر کەشتییەکی رووسی داگرت
دەستەی چاودێری دەریایی دانیمارک دەستبەسەرکردنی کەشتییەکی راگەیاند، بەڵام خاوەندارییەتی کەشتییەکە لەنێوان رووسیا و ئێران یەکلا نەکراوە، دەستەکە دەڵێت "کەشتییەک رووسییە"، بەڵام میدیاکانی دانیمارک دەڵێن "ئێرانییە".
دەستە دانیمارکییەکە ئەمرۆ پێنجشەممە 19ـی شوباتی 2026، بە ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی راگەیاند، ئەو کەشتییەی دەستیانبەسەرداگرتووە، بە هەڵکردنی ئاڵای دوورگەکانی قەمەر هەوڵیداوە لە سنووری ئاوی دانیمارک تێپەڕێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەفەرمی تۆمار نەکراوە و بەرپرسانی دوورگەی قەمەریش رەتیانکردووەتەوە، ئەو کەشتییە لەلایەن ئەوانەوە تۆمارکرابێت، بۆیە دەستیبەسەرداگیراوە.
پێچەوانەی دەستەی چاودێری دەریایی دانیمارک، میدیاکانی وڵاتەکە بڵاویانکردووەتەوە، کەشتییەکە ناوی "نورا"یە و ئاڵای ئێرانی هەڵکردووە و لە گەرووی کاتیگای باکووری دانیمارک دەستی بەسەرداگیراوە.
هەروەها کەناڵی تەلەفزیۆنی "تی ڤی 2" بڵاویکردووەتەوە، کەشتییەکە پێشتر ناوی سایرۆس بووە، کە یەکێک بووە لەو کەشتیانەی سزای ئەمریکای بەسەردا سەپێندراوە.
بەگوێرەی تۆمارەکانی پێگەی "ڤێسیل فایندەر" کە چاودێری جموجوڵی کەشتییەکان دەکات، رایگەیاندووە، کەشتییەکە لە 16 مانگی رابردووەوە کەناراوەکانی سانت پێترسبێرگی بەرەو میسر جێهێشتووە، گوایە ئەو کەشتییەک ساڵی رابردوو 10 جار بە هەرێمە ئاوییەکانی دانیمارک تێپەڕیوە.