15 جۆر خورما لە بازاڕەکانی کوردستان دەفرۆشرێن
هاتنی مانگی رەمەزان سیمای بازاڕەکانی سلێمانی گۆڕیوە؛ لەم مانگەدا خواستی کڕین لەسەر جۆرەکانی خۆراک گۆڕاوە و خورماش پشکی شێری لەو خواستە بەرکەوتووە.
بەپێی ئامارەکان، لە جیهاندا 115 جۆری جیاوازی خورما هەن، بەڵام لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا تەنیا 15 جۆریان بەردەستن و دەفرۆشرێن.
ئەحمەد لەتیف، فرۆشیاری خورما لە ناو بازاڕی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات، لەناو خورما عێراقییەکاندا جۆری "بریم" هەیە، قەبارەکەی گەورەیە و زیاتر بۆ مەحشی بەکاردێت. هەروەها جۆرەکانی تری وەک 'خورما و رۆن' بەردەستن، نرخەکانیان هەرزانترە و کیلۆی لە نێوان 1500 بۆ 2000 دیناردایە، بەمەش زۆرینەی هاووڵاتییان توانای کڕینیان هەیە.
سەبارەت بە نرخەکان، هاووڵاتییان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەشێکیان رازیین و بەشێکیشیان تێبینییان هەیە.
هاووڵاتییەک لە وڵاتی ئەڵمانیاوە گەڕاوەتەوە، باس لە جیاوازییەکی زۆری نرخ دەکات و دەڵێت: "لە ئەڵمانیا نرخی هەندێک جۆری خورما دەگاتە نزیکەی 20 هەزار دینار، بەڵام لێرە هەمان جۆر بە 7 یۆرۆیە (نزیکەی 11 بۆ 12 هەزار دینار)". هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، وڵاتانی ئەوروپا خورما لە وڵاتانی وەک میسر، ئوردن و تورکیاوە هاوردە دەکەن، تێچووەکەی زیاترە، لە کاتێکدا لێرە بەرهەمی ناوخۆیی و وڵاتانی دراوسێ بەردەستن.
پڕکردنەوەی خواستی بازاڕ تەنیا بە بەرهەمی ناوخۆیی و عێراقی ناکرێت، بۆیە بەشێکی زۆری ئەو خورمایەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت، لە وڵاتانی ئێران، سعوودیە، میسر و ئیماراتەوە هاوردە دەکرێت. بەپێی زانیارییەکان، لە مانگی رەمەزاندا ئاستی هاوردەکردنی خورما بەرز دەبێتەوە و رۆژانە لە رێگەی دەروازە جیاوازەکانەوە نزیکەی 150 تۆن دەگاتە هەرێمی کوردستان.
لە مانگی رەمەزاندا خورما وەک رەمزێکی دیاری ئەم مانگەی لێدێت. زۆریی خواست لەسەر ئەم بەرهەمە زیاتر بۆ رەهەندە ئایینییەکەی دەگەڕێتەوە، چونکە مسوڵمانان رۆژووشکاندن بە خورما وەک سوننەتێکی ئایینی دەبینن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە رووی زانستی و پزیشکیشەوە، خورما سوودێکی زۆری بۆ جەستەی رۆژووەوان هەیە و وزەی خێرای پێدەبەخشێتەوە.