پزیشکیان: تا گیان لە جەستەماندا بێت لەپێناو ئێران تێدەکۆشین
سەرۆک کۆماری ئێران دووپاتی کردەوە، تا گیان لە جەستەماندا بێت لە پێناو ئێران تێدەکۆشین و سەردانانەوێنین. گوتیشی: تەنانەت ئەگەر هەموو وڵاتە زلهێزەکانی جیهان دژمان بن، ئێمە رادەست نابین و سەر دانانوێنین.
شەممە، 21ـی شوباتی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە رێوڕەسمێکدا رایگەیاند: ئێمە پەیمانمان داوە کە تەنانەت ئەگەر هەموو وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، بەرانبەرمان بوەستنەوە بۆ ئەوەی سەر دابنوێنین، ئێمە هەرگیز سەر دانانوێنین و رادەست نابین."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە دۆخی وڵات کرد و گوتی: "کێشەی زۆریان بۆ دروست کردووین و رووبەڕووی کەموکوڕی زۆر بووینەتەوە، بەڵام بە یەکگرتوویی و هاودڵی بەسەر هەموو ئەم کێشە و نامەردییانەدا زاڵ دەبین".
هاوکات ئاشکرای کرد، "ئێمە برینەکانی کۆمەڵگە ساڕێژ دەکەین، تا گیان لە جەستەماندا بێت، لە پێناو ئێرانی ئازیز تێدەکۆشین."
باسی لەوەش کرد، "هەوڵ دەدەین کە شەرمەزاری میللەتی ئازیزی خۆمان نەبین و بە خێرایی و بەهێزەوە ژینگەیەکی گونجاویان بۆ فەراهەم دەکەین".