میوەی مۆز لە بازاڕەکانی تونسدا بووەتە میوەی دەوڵەمەندەکان
وەزارەتی بازرگانی تونس، رایگەیاندووە، نرخی یەک کیلۆ مۆز لە بازاڕەکاندا یەکسانە بە 7 دۆلاری ئەمریکی، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو شوێنانە دەفرۆشرێت کە لەژێر چاودێریدا نین.
شەممە 21ـی شوباتی 2026، وەزارەتی بازرگانی تونس، رایگەیاند، بە هۆکاری قاچاخیکردن و قۆرخکردنی بازاڕ، لە مانگی رەمەزاندا میوەی مۆز لە بازاڕەکاندا دەست ناکەوێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە بڕە مۆزەی کە هەیە لە بازاڕی رەشدا بە نرخی گران بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێتەوە کە نرخی هەر کیلۆیەک دەگاتە نزیکەی حەوت دۆلاری ئەمریکی.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، تونس مۆز بە تەواوی لە دەرەوە هاوردە دەکات و خۆی بەرهەمهێنەری نییە، هەرچەندە مۆز لەسەر ئاستی جیهان وەک میوەیەکی میللی و هەرزان پۆلێن دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ لە بازاڕەکانی تونسدا بووەتە میوەی دەوڵەمەندەکان.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، نایاساییەکانی دابەشکاری و دابینکردنی مۆز لە بازاڕەکاندا خاڵێکی گرنگی بەرز بوونەوەی نرخی مۆزە، هاوکات فرۆشتن بە شێوەی قاچاخ زیاتر بارودۆخی بازاڕەکانی ئەو وڵاتەی گران کردووە، بە جۆرێک نرخی یەک کیلۆگرام مۆز دەگاتە زیاتر لە 20 دیناری تونسی واتە نزیکەی 7 دۆلاری ئەمریکی، ئەمە لە وڵاتێکدا کە کەمترین مووچەی مانگانە تێیدا لە 200 دۆلار تێپەڕ ناکات.
ئەم نرخەی ئێستا بۆ مۆز دادەنرێت، یەکێکە لە بەرزترین نرخەکان لە بازاڕەکانی جیهاندا، لە کاتێکدا نرخەکەی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تەنیا 1.5 دۆلارە، کە تەنیا 150 کیلۆمەتر لە نزیکترین شاری تونسەوە دوورن.
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو)، بازرگانی مۆز لە جیهاندا ئاستێکی بەرزی تۆمارکردووە و لە ساڵانی رابردوودا گەیشتووەتە نزیکەی 20 ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا.
وەزارەتی بازرگانی تونس کێشەی دابەشکردنی مۆزی بۆ هۆکاری لۆجیستی گەڕاندووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدا رەمەزانی ئەمساڵ تەنیا وەرز نییە کە مۆزی تێدا دەگمەن بێت، بەڵکو ساڵانی رابردووش ئەم حاڵەتە دووبارە بووەتەوە.
فرۆشیارێکی میوەی تەمەن شەست ساڵ لە بازاڕی "حی تەحریر" لە نزیک پایتەخت، بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (dpa) گوتووە: "ئەمساڵ مۆز نییە، دەوڵەت تاوانبارە، ناکرێت نرخێکی نادروست و ناڕاست بسەپێنرێت، نرخەکان یاسای خستنەڕوو و داخوازی دیارییان دەکات."
لە ڕەمەزانی 2025دا، حکوومەتی تونس ناچار بوو بڕێکی زۆر مۆز لە میسر و بە پلەیەکی کەمتر لە بازاڕەکانی ئەمریکای لاتین و وڵاتانی ترەوە هاوردە بکات و نرخەکەی لە نێوان 1.7 بۆ 2.5 دۆلار دیاریکرد، دیاریکردنی نرخەکە وایکرد هاوردەکاران پاشەکشە بکەن لە هاوردەکردنی بڕی پێویست، ئەمەش پەستانی خستە سەر بازاڕەکان و خاڵە نایاساییەکانی فرۆشتن.
حکوومەتی تونس، تۆڕەکانی قاچاخچێتی و قۆرخکاری تاوانبار دەکات بەوەی زۆربەی مۆزە هاوردەکراوەکان دەبەنە بازاڕی رەش بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان.
سەرەڕای راگەیاندنی هەڵمەتی چاودێری و راوەدوونانی قۆرخکاران لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نرخ، بەڵام کێشەکە لەگەڵ هاتنی رەمەزانی ئەمساڵدا هێشتا بەردەوامە.
ژنێک کە لە سەرەیەکدا لەبەردەم دوکانی فرۆشتنی میوەدا وەستاوە، دەڵێت: "نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبنەوە، بەڵام بژاردەی دیکەمان هەیە، ئەگەر لە رەمەزاندا مۆز نەخۆین بێهۆش نابین، کاتێک فێری بایکۆتکردن بین، کاڵاکان پەیدا دەبنەوە و نرخەکانیش دادەبەزن."
لەم نێوەندەدا، حکوومەتی تونس ئاماژەی بە هیچ پلانێک نەکردووە بۆ هاوردەکردنی مۆز بە مەبەستی وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی بازاڕ یان بۆ فشارخستنە سەر نرخی کاڵا قاچاخەکان.