بەرهەمی گۆشتی ناوخۆیی لە دهۆک گەیشتووەتە 13 هەزار تۆن

لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک، کەرتی ئاژەڵداری و بەرهەمهێنانی گۆشتی سوور گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ ئابووریی ناوخۆ. 

بەپێی ئامارەکان، پێداویستیی ساڵانەی پارێزگای دهۆک بۆ گۆشتی سوور دەگاتە 24 هەزار تۆن. لە بەرامبەردا، پڕۆژە ناوخۆییەکانی پارێزگاکە ساڵانە 13 هەزار تۆن گۆشتی سوور بەرهەم دەهێنن، ئەمەش مانای وایە بەرهەمی خۆماڵی زیاتر لە 50%ـی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ پڕدەکاتەوە.

رێبەر سدقی، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە دهۆک، سەبارەت بە جۆر و ژمارەی پڕۆژەکان گوتی: "لە سنووری پارێزگای دهۆک 26 پڕۆژەی گەورەی قەڵەوکردنی گوێرەکە هەن. هەروەها 48 پڕۆژەی مۆڵەتداری فەرمی بۆ بەخێوکردنی مەڕ و بزن، لەگەڵ نزیکەی 20 پڕۆژەی بەخێوکردنی مانگا بوونیان هەیە."

بەرپرسەکەی دهۆک روونیشیکردەوە جگە لەم پڕۆژە فەرمییانە، چەندین پڕۆژەی دیکەی بچووکتر و ئاژەڵداریی کلاسیکی لە دەرەوەی شارەکان و لەلایەن گوندنشینانەوە بەڕێوەدەبرێن؛ ئەوانیش رۆڵیان هەیە لە پڕکردنەوەی بازاڕدا.

یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی پارێزگاکە، پڕۆژەی "مەدینەت ئەللوحوم" (شاری گۆشت)ـە لە سنووری قەزای سێمێل. ئەشرەف سەعید، بەڕێوەبەری ئەم پڕۆژەیە دەڵێت: "پڕۆژەکەمان لە ساڵی 2014ـەوە دامەزراوە و توانای لەخۆگرتنی 25 هەزار سەر گوێرەکەی هەیە."

بەڕێوەبەری پڕۆژەکە ئاماژەی بەوەش دا، ئاژەڵەکان بە شێوەیەکی زانستی ئالیک دەدرێن و لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیی ڤێتێرنەریدان، دواتر گۆشتەکەی بە شێوەی تاک و کۆ (جوملە) دەخرێتە بازاڕەوە و بەسەر قەسابخانەکاندا دابەش دەکرێت، ئەمەش دڵنیایی تەواو دەداتە هاووڵاتییان گۆشتێکی پاک و تەندروست بەکاردەهێنن.