ئیڤان دۆڤهانیچ بۆ کوردستان24: کردنەوەی کونسوڵخانەی ئۆکرانیا لە هەولێر لە قۆناغی کۆتایی دایە

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، ئیڤان دۆڤهانیچ، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە عێراق تیشک دەخاتە سەر دوایین پێشهاتەکانی وڵاتەکەی دوای تێپەڕبوونی 4 ساڵ بەسەر جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا. باڵیۆزی ئۆکرانیا دووپاتی دەکاتەوە کە وڵاتەکەی تەنیا "ئاشتییەکی راستەقینە"ی دەوێت کە لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا بێت، نەک تەنیا راگرتنی کاتیی شەڕ. هاوكات ئاماژە بەوە دەدات کە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە کارە لەپێشینەکانی وڵاتەکەیەتی.

کوردستان24: دوای 4 ساڵ لە جەنگ، هیوای ئۆکرانیا بۆ ئەمڕۆ چییە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: ئۆکرانیا تەنیا هیوا بۆ ئاشتی دەخوازێت، نەک تەنیا ئاگربەست و راگرتنی جەنگ، بەڵکو ئاشتییەکی راستەقینە و بەردەوام کە لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا بنیادنرابێت، نەک سەروەریی هێز. هیوادارین جیهان لەو راستییانە بێزار نەبێت کە دەبێت دەستدرێژکار لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و قوربانیش پارێزراو بێت. 4 ساڵ جەنگ ئێمەی نەشکاندووە، بەڵکو ئیرادەی ئێمەی پۆڵایین کردووە و باوەڕمان قووڵتر بووەتەوە کە ئۆکرانیا سەردەکەوێت.

کوردستان24: ئایا ئێستا ئۆکرانیا بۆ ئاشتی ئامادەیە؟ سەرەکیترین بەربەستەکان چین؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: ئۆکرانیا هەر لە رۆژی یەکەمەوە ئامادەی ئاشتی بوو، ئەوە رووسیا بوو جەنگی هەڵبژارد. ئەمڕۆش بۆ ئاشتی ئامادەین، بەڵام ئاشتی پێویستی بە ئیرادەی هەردوولا هەیە. بەربەستی سەرەکی روونە: مۆسکۆ هەرگیز دەستبەرداری ئامانجە ستراتیژییەکەی نەبووە کە ئەویش لەناوبردنی ئۆکرانیایە وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری. تا ئەو کاتەی رووسیا دانوستانەکان وەک وەستانێکی تاکتیکی بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانی بەکاربهێنێت، ئاشتی راستەقینە بەدی نایەت.

کوردستان24: ئایا ئۆکرانیا لە پێناو ئاشتیدا دەستبەرداری خاکەکەی دەبێت؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: ئەم پرسیارە لە دەرەوە بە ئاسانی دەکرێت، بەڵام ئازارێکی زۆری هەیە بۆ ئەوانەی شارەکانیان وێران کراوە و ئازیزانیان کوژراون. هەڵوێستی فەرمیی ئۆکرانیا نەگۆڕە: ئێمە هیچ داگیرکارییەک بە رەوا دانانێین. هەر رێککەوتنێک دەبێت زامنکردنی ئاسایشی ئۆکرانیا لەخۆبگرێت، بۆ ئەوەی 5 ساڵی دیکە ناچار نەبین هەمان باج بدەینەوە. بەبێ گەرەنتیی ئەمنی، تەنانەت باشترین رێککەوتن تەنیا بۆ دواخستنی جەنگی داهاتووە.

کوردستان24: دوای 4 ساڵ، ئۆکرانیا چی لەدەستداوە و چی بەدەستهێناوە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: زیانەکان بێژمارن؛ دەیان هەزار کەس کوژران، ملیۆنان کەس ئاوارە بوون و ژێرخانی وڵات وێران بووە. بەڵام لەلایەکی دیکەوە، ئۆکرانیا یەکێک لە بەئەزموونترین سوپاکانی جیهانی دروست کردووە و یەکگرتووییەکی نەتەوەیی وەهای بەدەستهێناوە کە دەیان ساڵ بوو وێنەی نەبوو. ئێمە رێزی جیهانمان بۆ گەلێک بەدەستهێنا کە رەتیکردەوە چۆک دابدات.

کوردستان24: گرنگترین وانەکانی ئەم جەنگە چین؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: وانەی یەکەم ئەوەیە کە ئاسایش بە کەسانی دیکە ناسپێردرێت. دووەم: دیموکراسی دەبێت بزانێت چۆن بەرگری لە خۆی بکات. سێیەم: شەڕی زانیاری بەقەد شەڕی مووشەکی کوشندەیە. چوارەم و گرنگترینیان: ئەو کەسانەی دەزانن بۆچی دەجەنگن، هەرگیز نادۆڕێن.

کوردستان24: پەیوەندییەکانی ئێستاتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: بە رێز و پێزانینێکی قووڵەوە. گەلی کورد دەزانێت خەبات بۆ مانەوە و شوناس واتای چییە. ئەو یادەوەرییە هاوبەشەی ئازار و خۆڕاگری، بناغەی مرۆیی نزیکبوونەوەی ئێمەیە. هەولێر بۆ ئێمە ناوەندێکی بازرگانیی گرنگە و کاڵای ئۆکرانی لە بازاڕی کوردستان پێگەی خۆی هەیە. ئۆکرانیا بەبێ مەرج رێز لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەگرێت.

کوردستان24: کەی کونسوڵخانەی ئۆکرانیا لە هەولێر دەکرێتەوە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: کردنەوەی کونسوڵخانە لە هەولێر لە پێشینەی کارەکانمانە و بڕیاری لێدراوە. ئێستا سەرقاڵی رەزامەندیی فەرمین لەگەڵ بەغدا. دواکەوتنەکەش پەیوەستە بە رێکارە بیرۆکراتییەکانەوە. هیوادارم بەم زووانە شەرەفی ئەوەم هەبێت بەشداریی لە رێورەسمی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی ئۆکرانیا لە هەولێر بکەم، چونکە لە قۆناغی کۆتایی پرۆسەکە نزیکبووینەتەوە.

کوردستان24: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێستا چەندە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: لە ساڵی 2021 ئاڵوگۆڕی بازرگانی گەیشتە 700 ملیۆن دۆلار، بەڵام دوای جەنگ لە ساڵی 2022 دابەزی بۆ 293 ملیۆن دۆلار. لە ساڵی 2025دا قەبارەی بازرگانی گەیشتەوە 392.8 ملیۆن دۆلار، کە بە بەراورد بە 2024 بە رێژەی 30% زیادیکردووە. هەرێمی کوردستان وەک دەروازەیەکی سەرەکی بۆ چوونە ناو بازاڕی عێراق رۆڵێکی بەرچاو لەم بووژانەوەیەدا دەگێڕێت.

کوردستان24: چەند هاووڵاتی ئۆکرانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان نیشتەجێن؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: بە گشتی نزیکەی 1,000 هاووڵاتی ئۆکرانی لە عێراق نیشتەجێن، کە 219 کەسیان لە هەرێمی کوردستان دەژین. باڵیۆزخانەمان پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ هەموویان هەیە و ئامادەیە هەموو خزمەتگوزارییەکی پێویستیان پێشکەش بکات.