ئەو ژنەی لە سلێمانی خۆی لە پردێك فڕێداوە "زانیاری ھەڵەی لەسەر بڵاوكراوەتەوە"
"ئەو ژنە كوردە و ھەوڵی خۆكوشتنی داوە"

K24 - سلێمانی
شەوی رابردوو ژنێك لەسەر بەرزە پردێك لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحموود لە سلێمانی خۆی فڕێدایە خوارەوە و گەیەندرایە نەخۆشخانە، ئەوكات لە چەند شوێنێك وا بڵاوكرایەوە كە "ئەو ژنە بیانییە و نیپاڵییە"، بەڵام ئەو ژنە كوردە و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشیكدایە.
حەمە ھەژار، سەرۆكی رێكخراوی داكۆكیكردن لە مافی كرێكارانی بیانی، لە نەخۆشخانە سەردانی ئەو ژنەی كردووە و بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەكاتی رووداوەكە وا بڵاوكرایەوە ئەو كەسە نیپاڵییە، بەڵام لە راستیدا ئەو ژنە كوردە و خەڵكی كامیارانی رۆژھەڵاتی كوردستانە و ھاوسەری ھەیە نیشتەجێی شاری سلێمانین".
سەبارەت بە تەندروستی ژنەكەوە، حەمە ھەژار گوتی: "دەتوانین بڵێین تەندروستی باشە، بە ئاماژە وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەم و لوتی بریندارە ناتوانێت قسە بكات".
راشیگەیاند: "بەپێی بەدواداچوونی ئێمە پێدەچێت رووداوەكە لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی خۆیان بێت، دوای باشتربوونی تەندروستی ژنەكە دادگا لێكۆڵینەوە لەسەر رووداوەكە دەكات و وتەی لێوەردەگیرێت".
سەرۆكی رێكخراوی داكۆكیكردن لە مافی كرێكارانی بیانی، باسی لەوەشكرد: "ئەو ژنە بە مەبەستی خۆكوشتن خۆی لە پردەكە فڕێداوەتە خوارەوە، ئەوكاتەی لە نەخۆشخانە سەردانم كرد گوتی "بێزارم لە ژیان"، ئاماژەكان ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كێشەی كۆمەڵایەتی ھەبێت و لە دۆخێكی نالەباری دەروونی ھەوڵی خۆكوشتنی داوە".
چالاكوانێكی كۆمەڵی مەدەنی كە زانیاری لەبارەی رووداوەكە ھەیە و قسەی لەگەڵ ئەو ژنە كردووە كە ھەوڵی خۆكوشتنی داوە، بە كوردستان24ی گوت: "ئەو ژنە لە نەخۆشخانە پێی گوتم كە بڕیارمداوە خۆم بكوژم، بڕیاری خۆمە و كەس بەو رووداوە تۆمەتبار نییە و سكاڵا لەسەر كەس تۆمار ناكات".
ئەو چالاكوانە كە نەیویست ناوی بنووسرێت، گوتیشی: "ئێستا باری تەندروستی ئەو ژنە جێگیرە، بەڵام ھەردوو قاچی و شەویلگەی شكاوە، زۆربەی جەستەی بریندارە، بە گوتەی دكتۆرەكان پێویستی بە نەشتەرگەری ھەیە و رەنگە ئەمڕۆ نەشتەرگەری بۆ بكرێت".


