ناحیەی رزگاریی هەولێر.. لە دوای نوێژی تەراویح دوو کەس کوژران
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە ناحیەی رزگاری و لە دوای تەواوبوونی نوێژی تەراویح، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە دوو کەس کوژران، کە یەکێکیان بە مەبەستی ناوبژیکردن لەوێ بووە.
چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، موقەدەم ئەردەلان، گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، لە ناحیەی رزگاری (تۆپزاوە)ـی سەر بە پارێزگای هەولێر، لە دوای نوێژی تەراویح، لە بەردەم مزگەوتێکدا، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە دوو هاووڵاتی کوژراون.
گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر ڕوونی کردەوە، یەکێک لە کوژراوەکان ناوی "زوهێر موستەفا"ـیە، ناوبراو لایەنێکی کێشەکە نەبووە، بەڵکو بە مەبەستی ناوبژیکردن و هێورکردنەوەی دۆخەکە چووەتە نێو رووداوەکە، لە ئەنجامدا کوژراوە.
سەبارەت بە ناسنامەی زوهێر موستەفا، ناوبراو بە "مەلا زوهێر" ناسراوە، بەڵام گوتەبێژی ئاسایش گوتی: کە ناوبراو مامۆستای ئایینی و پێشنوێژ و وتارخوێن نەبووە، بەڵکو نازناوەکەی تەنیا بەهۆی ئەوەوە بووە کە کەسێکی پابەند و دیندار بووە.
موقەدەم ئەردەلان ئەوەشی خستە روو: "تۆمەتبارەکە دوای رووداوەکە، لە کاتی گواستنەوە و هێنانی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە، لەوێ خۆی ڕادەستی بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەی (ئیمێرجێنسی) کردووە."