هێمن میرانی: ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان بە هیچ شێوەیەک نابنە خاوەن تابلۆ

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوە دەکات، کامێرای خاڵ بۆ خاڵ هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی رووداوەکان بوو، لە زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەموو ئەو ئۆتومبێلانەی تابڵۆکانیان میرین یان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و لە شارەکانی عێراقن لەکاتی سەرپێچی کردن سزاکانیان تۆمار دەکرێت.

ئەمرۆ چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند: پێشنیازمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کرد بۆ ئەوەی داشکاندنی پێبژاردنی لە ٪20 بۆ سزاکانی هاتوچۆ بەردەوام بێت و ئەمڕۆکەش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر درا و جێبەجێکرا.

هەروەها گوتی: رێژەی ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن زۆر کەمبووتەوە، بەراوردی رووداوەکانی هاتوو لە ساڵی 2025 و پێشتر بکەین دەردەکەوێت لە ٪50 کەمیکردووە، هەروەها مردن و  برینداربوونی سەخت لە ٪64 کەمیکردووە.

باسی لەوەش کرد، کامێرای خاڵ بۆ خاڵ هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی رووداوەکان بوو، لە زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەموو ئەو ئۆتومبێلانەی تابڵۆکانیان میرین یان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و لە شارەکانی عێراقن لەکاتی سەرپێچی کردن سزاکانیان تۆمار دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان بە هیچ شێوەیەک نابنە خاوەن تابلۆ.

هەروەها رایگەیاند، ساڵی 2025، ساڵێکی زۆر پڕ چالاکی بوو لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندنی خۆراک، لە 31ـی 12ـی 2025، دەبێت هەموو ماتۆڕەکانیان تۆمار کرابن و شۆفێرەکانیان مۆڵەتیان هەبێت، بە سوپاسەوە کۆمپانیا گەورەکان بە هەزاران ماتۆڕی نوێیان هێنا و کۆنەکانیان دوورخستەوە، کۆمپانیایەک هەفتەی رابردوو ئاگادارکردنەوەی کۆتایی پێدرا و باوەڕ دەکەم ئەمڕۆ یان بەیانی ئەپڵیکەیشنەکەی دابخرێت چونکە نەیتوانیوە ماتۆڕەکانی تۆمار بکات. کێ سزا دەدرێت؟ شۆفێرەکە یان کۆمپانیاکە؟ هەردووکیان. کامێراکان تابلۆی ماتۆڕەکە دەخوێننەوە و سزا بۆ خاوەنەکەی دەچێت.

هێمن میرانی گوتیشی، دەستمان کردووە بە گۆڕینی بیرکردنەوە و ئەدای پۆلیس، پۆلیس چیتر ئامرازێکی ترساندن نییە، پۆلیس بەشێکە لە کۆمەڵگە، بە هاوکاری یەکێتیی ئەورووپا پرۆژەیەکمان هەیە بۆ گۆڕینی پۆلیس لە "هێز و دەسەڵات"ـەوە بۆ "ڕێز و شەرعییەت". تا ئێستا 600 ئەفسەر لەسەر ئاستی کوردستان ڕاهێنانیان بینیوە بۆ ئەم مەبەستە.