بەرپرسێکی باڵای ئێران: نەبوونی چەکی ئەتۆمی فەتوای خامنەییە
سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران دووپاتی دەکاتەوە، بەنیاز نین ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. دەشڵێت، عێراقی دەسەڵاتی هەیە رێککەوتن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئەنجام بدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، عەلی شەمخانی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران رایگەیاند، ئەگەر دانوستانەکانیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەیە وڵاتەکەی نەبێت خاوەن چەکی ئەتۆمی، ئەوا دەتوانن دەستبەجێ رێکبکەون.
شەمخانی دووپاتیشی کردەوە "نەبوونی چەکی ئەتۆمی لە ئێران، فەتوای عەلی خامنەییە".
سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، عەباس عێراقچی، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەیان، هەموو دەسەڵاتێکی پێدراوە، رێککەوتن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئەنجام بدات.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026، گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤی سویسرا دەستیپێکرد.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی دەکات؛ شاندی دانوستانکاری ئەمریکیش لە لایەن ستیڤ ویکتۆف، نێردەی سەرۆکی وڵاتەکەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت.
دانوستانەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و بە نێوەندگیریی بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان بەڕێوەدەچن. چاوەڕێ دەکرێت، لە گەڕەدا، ئێران پێشنیازێکی رێککەوتن لەبارەی پرسی ئەتۆمی رادەستی لایەنی ئەمریکی بکات.
ئەمە گەڕی هەشتەمی دانوستانی ئەمریکا و ئێرانە لە سەردەمی ئیدارەی دووەمی دۆناڵد ترەمپ. هەردوولا سەرباری جەختکردنەوە لە دانوستان، زمانی هەڕەشەیش بەکاردەهێنن. بەر لە سەردانەکەی بۆ جنێڤ وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا هێرشیان بکاتە سەر، تەواوی بنکەکانی ئەو وڵاتە لە وڵاتانی دراوسێ و عەرەبی دەکەنە ئامانج.