عێراقچی: دانوستانەکان ئەرێنی بوون

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەنجامی گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا بە "باشترین و جددیترین" وەسف دەکات و رایدەگەیەنێت، کە پێشکەوتنی بەرچاو بە دی هاتووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان دەست پێبکەنەوە.

پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، وردەکاریی کۆبوونەوە و دانوستانەکانی ئەمڕۆی لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی خستە روو و ئاستی گفتوگۆکانی بە "بەرز و ئەرێنی" وەسف کرد.

عێراقچی گوتی: "بڕیارە دووشەممەی داهاتوو لە ڤیەننا دانوستانی تیمەکانی تەکنیکی نێوان هەردوو وڵات دەست پێبکات. ئاماژەی بەوەش دا، کە لە دانوستانەکانی ئەمڕۆدا "پێشکەوتنی بەرچاو" بە دی هاتووە، هەروەها لە ماوەی ئەو کاتە زۆر و درێژەدا، پێشکەوتنی باشمان بە دەست هێنا و بە جیددی چووینە ناو بنەماکانی رێککەوتن.

وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لە گرنگیی ناوەرۆکی دانوستانەکان کردەوە و گوتی: "ئەمە یەکێک بوو لە جیددیترین، گرنگترین و باشترین ئەو گفتوگۆیانەی کە لە مێژووی دانوستانەکانماندا لەگەڵ ئەمریکا ئەنجاممان داون".

وەزیرەکە سەبارەت بە خاڵە ناکۆکەکان روونی کردەوە: "لە بارەی هەندێک پرسەوە لە لێکتێگەیشتن نزیک بووینەتەوە، سروشتییە کە جیاوازی لە بۆچوونەکاندا بمێنێت، بەڵام ئاستی جیددییەت لای هەردوولا لە جارەکانی پێشوو زیاتر بوو."

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، عێراقچی تیشکی خستە سەر پرسی هەڵگرتنی سزاکان و گوتی: "سەبارەت بە لابردنی سزاکان، ئێمە داواکارییەکانی خۆمان بە روونی و دیاریکراوی خستووەتە روو. هەروەها گفتوگۆمان کرد لەسەر ئەو پرسەی لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەوروژێندرێت و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەو چوارچێوەیەدا."

سەبارەت بە بەشداریکردنی رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، عێراقچی رایگەیاند: "ئامادەبوونی گرۆسی لە رووی هونەری و تەکنیکییەوە باش بوو و پێشکەوتنی باشمان لەو لایەنەشەوە بە دەست هێنا."

عێراقچی ئاماژەی بەوەش دا، کە بەدر ئەلبوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عوومانیش کەشوهەوای دانیشتنەکانی بە "ئەرێنی" وەسف کردووە. 

ئەم لێدوانانەی عێراقچی ئاماژەن بۆ وەرچەرخانێک لە ئاستی لێکتێگەیشتنەکان، سەرەڕای ئەوەی پێشتر هەندێک سەرچاوە باسیان لە هەبوونی ناکۆکی دەکرد. هەروەها دەستپێکردنی کۆبوونەوە تەکنیکییەکان لە بارەگای ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەردوو لا گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرزتر لە جددییەت.

لە لایەکی دیکەوە  ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" بە پشت بەستن بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند: "پرسی گواستنەوەی کەرەستە و ماددە پیتێنراوەکانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و بنبڕ رەت کراوەتەوە و بە هیچ شێوەیەک گواستنەوە ئەنجام نادرێت."

ئاژانسەکە سەبارەت بە دیدارەکەی نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمەریکا، ئاشکرای کردووە کە کۆبوونەوەکە تەنیا "لە چوارچێوەی گفتوگۆی دیپلۆماسیدا" بووە و کورت کراوەتەوە بۆ تەوقەکردن و ئاڵوگۆڕی سڵاو.

لە لایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "ئەکسۆیس"ـی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کە هەریەک لە جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردەکانی کۆشکی سپی، "نائومێدی و بێهیوایی" خۆیان نیشان داوە بەرامبەر بەو وەڵامانەی لە دانیشتنی بەیانیاندا لە لایەنی ئێرانییەوە گوێبیستی بوون.

 

گەڕی سێیەمی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، نزیکەی کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان، قۆناغی یەکەمی گەڕی سێیەمی دانوستانی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران دەستی پێکرد.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی دەکرد؛ شاندی دانوستانکاری ئەمریکیش لە لایەن ستیڤ ویکتۆف، نێردەی سەرۆکی وڵاتەکەوە سەرۆکایەتیی دەکرا.

لە بارەی قۆناغی یەکەمی گەڕی سێیەمی دانوستانەکان ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە جنێڤ، گوتی: شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەیان گفتوگۆیەکی چڕ و پڕی بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام داوە.

بەقایی ئاماژەی بەوە دا، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی کەسایەتییە دیارەکان، لەوانە وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەتی عوممان و بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەڕێوە چوو.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختی کردەوە، کە هەردوو تیمی دانوستانکاری ئەمریکی و ئێرانی، دید و بۆچوونەکانی خۆیان بە شێوەیەکی جیددی خستە روو.

گوتیشی: قۆناغی یەکەمی گەڕی سێیەمی دانوستانەکان کۆتایی هاتووە و دوای بەربانگ دەست بە قۆناغی دووەمی گەڕی سێیەمی دانوستانەکان دەکەینەوە.

هەر لە بارەی قۆناغی یەکەمی گەڕی سێیەمی دانوستانەکان، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نوسیوویەتی: دانوستانەکانی ئەمڕۆ داهێنەرانە و ئەرێنی بوونە.

دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی دووەمی گەڕی سێیەمی دانوستانەکان، بۆ جارێکی دیکە، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، لە پایەمێکدا ئاماژەی بەوە دا،  گەڕی سێیەمی دانوستانەکان بە بەدەستهێنانی "پێشکەوتنی گرنگ" کۆتایی هاتووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان لە ڤیەننا درێژەیان هەبێت.

هەروەها سوپاسی هەوڵەکانی شاندە دانوستانکارەکان، ئاژانسی وزەی ئەتۆمی و حکوومەتی سویسرای میوانداری کردووە.