هۆشدارییەکی بە پەلە بۆ بەکارهێنەرانی 'Gmail': وشەی نهێنیتان بگۆڕن

شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی هۆشداری دەدەن، لە شەپۆلێکی نوێی فێڵی ئەلیکترۆنی کە هەژمارەکانی "Gmail" دەکاتە ئامانج، تێیدا هاککەرەکان لە رێگەی نامەی ساختەوە دەست بەسەر وشەی نهێنی و داتاکانی بەکارهێنەراندا دەگرن.

هەژمارەکانی "Gmail" رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی هەوڵەکانی فێڵی ئەلیکترۆنی (Phishing) بوونەتەوە کە ئامانجیان دزینی وشەی نهێنی و داتا کەسییەکانە لە رێگەی نامەی مۆبایل و ئیمەیڵی ساختەوە کە خۆیان وەک "Gmail لە گووگڵەوە" دەناسێنن.

فێڵەکە بە نامەیەکی هۆشداریی دەست پێدەکات، کە گوایە هەوڵێکی هاککردن لەسەر هەژمارەکەت تۆمار کراوە و، بەستەرێک (Link)ـی لەگەڵدایە بۆ "گەڕاندنەوەی هەژمار"، هەر کە بەکارهێنەر کلیک لەسەر بەستەرەکە دەکات، داوای لێ دەکرێت وشەی نهێنی بنووسێت، ئەمەش راستەوخۆ داتاکان دەخاتە بەردەستی فێڵبازەکان.

لە هەندێک حاڵەتدا، هێرشبەران داتا دزراوەکان لەگەڵ ژمارەی مۆبایل یەکدەخەن، پاشان شێوازەکانی "ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی" بەکار دەهێنن بۆ گواستنەوەی ژمارەکە بۆ سەر سیمکارتێکی  نوێ کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندایە. ئەمەش رێگەیان پێ دەدات دەستیان بەو کۆدە نهێنییانە بگات کە بۆ سەلماندنی دوو قۆناغی (2FA) دەنێردرێن و بەم شێوەیە کۆنترۆڵی تەواوەتیی هەژمارەکە دەکەن.

شارەزایانی ئاسایشی سایبەر داوا دەکەن دەستبەجێ وشەی نهێنیی هەژمارەکانی گووگڵ بگۆڕدرێت و سیستەمی "سەلماندنی دوو قۆناغی" لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکانی توێژینەوە (Authentication apps) یان کلیلەکانی ئاسایشەوە کارا بکرێت نەک لە رێگەی نامەی مۆبایلەوە  (SMS)، هەروەها داوا دەکرێت ژمارەی مۆبایل لای کۆمپانیای پەیوەندییەکان پارێزراو بکرێت و ئاگادارکردنەوەی چوونەژوورەوە کارا بکرێت بۆ ئاشکراکردنی هەر چالاکییەکی گوماناوی.