رووسیا بڕوانامەی "پاراستنی شوێنەوارە کولتوورییەکان" دەبەخشێتە ئەندازیارێکی کورد
لە بڕیارێکی فەرمیدا کە واژووی جێگری وەزیری کولتووری رووسیای لەسەرە، بڕوانامەی تایبەت بە پاراستنی شوێنەوارە کولتوورییەکان بەخشرا بە ئەندازیار و نیگارکێشی کورد "نوریک موسەیان".
نوریک موسەیان، کە گەنجێکی کوردی لەدایکبووی وڵاتی ئەرمەنستانە و ئێستا نیشتەجێی مۆسکۆیە، خاوەنی کارنامەیەکی پڕ لە سەرکەوتنە. ناوبراو تا ئێستا پێنج پێشانگەی تاکەکەسی لە شارە جیاوازەکانی رووسیا کردووەتەوە و خاوەنی زیاتر لە 500 بەرهەمی هونەرییە.
لە بواری تەلارسازیشدا، موسەیان بۆ ماوەی چوار ساڵ لەسەریەک پلەی یەکەمی لە پێشبڕکێی تەلارسازی دیپلۆماسی بەدەستهێناوە و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیاوە خەڵاتکراوە. هەروەها ساڵی رابردوو بەهۆی لێهاتوویی و نایابی لە خوێندنی زانکۆدا، کورسییەکی خوێندنی ماستەری لە بواری تەلارسازی وەک دیاری پێبەخشراوە.
ئەم ئەندازیارە کوردە هیوای خواستووە لە ئایندەیەکی نزیکدا پێشانگەی تایبەتی لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بکاتەوە و ئامانجیەتی پەرە بە کارە تەلارسازییەکانی لە ناوخۆی کوردستان بدات.