راگەیه‌ندراوێک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانه‌وه‌

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌مال ئه‌ترووشی بۆ پۆستی وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان كاندید كردووه‌ و سیڤییه‌كه‌ی ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كراوه‌.

باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران
باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران

K24 – هه‌ولێر:

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جوتیار عادل، رایگه‌یاند، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌مال ئه‌ترووشی بۆ پۆستی وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان كاندید كردووه‌ و سیڤییه‌كه‌ی ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كراوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان24 نێردراوه‌ هاتووه‌: "‎بەمەستی پڕکرنەوەی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکان، بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د.کەمال ئەتروشی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە و سیڤییەکەشی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کراوە".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "‎ھیوادارین پەرلەمانی کوردستان ئەم بابەتە بخاتە بەرنامەی کۆبونەوەی داهاتووی خۆی و متمانەی پێ ببەخشێت".

پرۆفایلی كه‌مال ئه‌ترووشی:

* له‌دایكبووی 1955ی ئه‌ترووشه‌.

* له‌ 1975 به‌كالۆریۆسی له‌ جیۆلۆجیا له‌ كۆلیژی زانسته‌كانی به‌غدا ته‌واو كردووه‌.

* له‌ كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی عێراق كاریكردووه‌.

* ناردراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی باڵا و ماسته‌ری له‌ زانكۆی " Université de Bordeaux1" له‌ ساڵی 1987 له‌ باره‌ی جیۆفیزیای دۆزینه‌وه‌ نه‌وتییه‌كان به‌ده‌ستهێناوه‌.

* دكتۆرای له‌ هه‌مان زانكۆ و ساڵی 1991 له‌ پسپۆڕی جیۆفیزیای نه‌وت (دۆزینه‌وه‌ و به‌رهه‌مهێنان) به‌ده‌ستهێناوه‌.

* دوای دكتۆرا له‌ په‌یمانگه‌ی فه‌ره‌نسایی بۆ پترۆڵ كاریكردووه‌.

* 35 ساڵ ئه‌زموونی كاری له‌ بواری جیۆفیزیادا هه‌یه‌.