بەقایی: نابێت وڵاتان بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بێدەنگ بن

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەخنەی توند لە بێدەنگی وڵاتان دەگرێت بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات.

ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026،  ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا کردەوەیەکی قبووڵنەکراوە و بە تاوانێکی ئاشکرا و پێشێلکارییەکی ڕوون دادەنرێت."

بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، تاران چاوەڕوانە وڵاتانی دیکەی جیهان بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانە بێباک و بێدەنگ نەبن، بەڵکو پێویستە بە فەرمی ئیدانەی ئەو کارانە بکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و دەستبەجێ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات بۆ ئیدانەکردنی ئەو دەستدرێژییانە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئیسرائیل و ئەمریکا بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر خاکی ئێران و چەندین شاری ئەم وڵاتەیان بۆردومان کرد. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددی ئاشکرا نەکراوە.