عێراقچی: ترەمپ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلی خستووەتە سەرووی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا هێرشی توند دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و رایدەگەیەنێت، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەک ئامادەن.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی بەرانبەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل نیشان دا. 

عێراقچی نووسیویەتی، جەنگی بنیامین نەتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ دژی ئێران، بەتەواوی بێ پاساو و نایاسایی و ناڕەوایە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنە لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ دەگرێت و ئاماژەی بەوە دا، ترەمپ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلی خستووەتە سەروو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. لەم بارەیەوە نووسیویەتی، ترەمپ دروشمی "ئەمریکا لە پێشەوە"ی گۆڕیوە بۆ "ئیسرائیل لە پێشەوە"، ئەمەش هەمیشە بە واتای "ئەمریکا لە کۆتایی" دێت.

لە کۆتایی پەیامەکەدا، عێراقچی هۆشدارییەکی توند دەداتە لایەنی بەرانبەر سەبارەت بە تواناکانی وڵاتەکەی و جەختی کردەوە، هێزە چەکدارە بەهێزەکانیان بۆ ئەم ڕۆژە ئامادەن و وانەی شایستە بە دەستدرێژیکاران دەدەن.