سوودانی و شا عەبدوڵڵا: جەنگ فراوان بووە و عێراق و ئوردنی گرتووەتەوە

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و شای ئوردن، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و فراوانبوونی بازنەی جەنگ بۆ سەر هەردوو وڵات تاوتوێ کرا، هەردوولاش جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە بە پەلە رێگە لە تەشەنەسەندنی زیاتری ململانێکان بگیرێت و پەنا بۆ دیالۆگ ببرێت.

ئەمڕۆ شەممە 28ـی شوباتی 2026،  محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، پاشای ئوردن ئەنجام دا و تێیدا پەرەسەندنە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو پەیوەندییەدا گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کراوە. 

تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان بریتی بووە لە گرنگیی هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ راگرتنی لێکەوتە نەرێنییەکانی جەنگ، بە تایبەتی دوای ئەوەی بازنەی جەنگەکە فراوان بووە و ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکەی گرتووەتەوە، کە عێراق و ئوردنیش لەنێویاندا هەن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پەنابردن بۆ دیالۆگ و زمانی گفتوگۆ وەک چارەسەر.هەروەها جەختیان کردەوە لەسەر پابەندبوون بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارە جیهانییەکان.

سوودانی و شا عەبدوڵڵا دووپاتیان کردەوە کە پێویستە پشتیوانییەکان چڕتر بکرێنەوە لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و دوورخستنەوەی مەترسییەکان.