وەزیری کارەبا: وەک رێکارێکی خۆپارێزی دانەگاز بەرهەمهێنانی گازیلە کۆرمۆری راگرتووە
وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: وەک رێکارێکی خۆپارێزی کۆمپانیای دانەگاز بەرهەمهێنانی گازی لە کۆرمۆر راگرتووە
شەممە 28ـی شوباتی 2026، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، رایگەیاند، زیاتر لە 80%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان پشت بە گاز دەبەستێت، بەڵام کۆمپانیای "دانە گاز" بە مەبەستی پاراستنی کێڵگەکان لە هەر زیانێکی پێشبینیکراوی ئەو شەڕەی لە ناوچەکە دروست بووە، بەرهەمهێنانی گازی ڕاگرتووە.
راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی راستەوخۆ بەر کەرتی کارەبای هەرێم نەکەوتووە، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە 4 هەزار مێگاواتەوە بۆ نزیکەی 2500 هەزار مێگاوات داببەزێت.
سەبارەت بە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، رۆژانە لە نێوان 10 بۆ 12 کاتژمێر کارەبا دەدرێت بە هاووڵاتییان.
وەزیری کارەبا گوتیشی، دڵنیایی دەدەین بە هاووڵاتییان سەبارەت بە دابینکردنی سووتەمەنی و رایگەیاند: "هیچ کێشەیەک لە بڕی نەوت، بەنزین و گازی ماڵاندا نییە و بڕی پێویست لە کۆگاکاندا بەردەستە"، جەختیشی کردەوە، هاووڵاتییان تووشی گرفتی کەمیی سووتەمەنی و گازی ماڵان نابنەوە و دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.