عێراقچی: توانای بەرگریمان هەیە و پێویستیمان بە هاوکاری کەس نییە
وەزیری دەرەوەی ئێران، دڵنایی دایە جیهان کە سەرکردە باڵاکانی ئێران سەلامەتن و رژێمی وڵاتەکەی مەترسیی لەسەر نییە. عێراقچی جەختی کردەوە کە هێرشەکانیان تەنیا دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایە وەک مافی بەرگریکردن لە خۆیان، هاوکات ئیسرائیلی بە کوشتنی دەیان منداڵ و بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکان تۆمەتبار کرد.
شەممە، 28ـی شوباتی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (NBC)ـی، تیشکی خستە سەر دۆخی ناوخۆیی ئێران، دانوستانە ئەتۆمییەکان، و گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە.
عێراقچی رەتی کردەوە کە هێرشەکان کاریگەریی ریشەیییان لەسەر دەسەڵاتی ئێران هەبووبێت و رایگەیاند: "دۆخەکە لەوانەیە ئاسایی نەبێت، بەڵام ژیان بەردەوامە و هەموو شتێک لەژێر کۆنترۆڵدایە."
ناوبراو دڵنیایی دا کە ڕێبەری باڵای ئیسلامیی ئێران و سەرۆککۆماری وڵاتەکە لە ژیاندا ماون و سەلامەتن، ئەگەرچی ئاماژەی بەوەش دا کە لەوانەیە چەند فەرماندەیەک لەدەست دابێت. هەروەها پەیامێکی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کرد و رایگەیاند: "ناتوانیت دەسەڵات و ڕژێم لە ئێران بگۆڕیت."
سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران، عێراقچی روونی کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ نیازێکی نییە هێرش بکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، بەڵکو ئامانجی ئەوان تەنیا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
گوتیشی: "ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لە خۆماندایە؛ ناکرێت ئەوان هێرش بکەنە سەرمان و ئێمەش تەنیا تەماشاکەر بین. ئەگەر هێرشەکان بوەستن، ئێمەش بەرگرییەکان رادەگرین."
عێراقچی رەخنەی توندی لە سیاسەتی ئەمریکا گرت و بە "ناپاک" لە دانوستانەکاندا وەسفی کرد. ئاشکرای کرد، کە تیمێکی تەکنیکییان رەوانەی ڤیەننا کردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان.
گوتیشی: "جێگەی سەرسوڕمانە، هەر کاتێک دەست بە دانوستان دەکەین، ئەمریکا لە ناوەڕاستی گفتوگۆکاندا هێرش دەکاتە سەرمان، وەک ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو و ئەمجارەش روویدا." جەختیشی کردەوە کە ئێران چەکی ئەتۆمی ناوێت و پێشتر نیازپاکی خۆی سەلماندووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عێراقچی ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بە هێرشێک کرد بۆ سەر قوتابخانەیەک لە شاری "میناب" کە بەهۆیەوە 57 منداڵ کوژران. ئەو گوتی: "کەسێک بتوانێت هێرش بکاتە سەر قوتابخانە، دەتوانێت هەموو تاوانێکی دیکەش ئەنجام بدات."
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێرانیش، عێراقچی ئامارێکی خستە روو و رایگەیاند: کە 3 هەزار و 117 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون.
ئەو باسی لەوە کرد، کە سەرەتا خۆپیشاندانەکان ئاشتییانە بوون، بەڵام چەکدارانی سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) دزەیان کردووەتە ناو ریزەکانەوە و تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانیش کردووە تا ژمارەی قوربانیان زیاد بکات.
هاوکات عێراقچی رەتی کردەوە ئێران "بریکار"ی لە وڵاتەکانی ناوچەکە هەبێت، بەڵکو ئەو گرووپانەی هەن بە "سەربەخۆ" وەسفی کردن کە بۆ ئازادکردنی خاکی خۆیان دەجەنگن و ئێران تەنیا پشتیوانییان لێ دەکات، بەڵام فەرمانیان پێ ناکات.
گوتیشی: لە و کات و ساتەی ئێستا ئێمە پێویستیمان بە کەس نییە بەرگریمان لێ بکات، هەروەها پێویستیمان بە هاوکاری هیچ کەس و لایەنێک نییە.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای هەڵدانی ژمارەیەک مووشەک بەرەو ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.