تاران رەتیدەکاتەوە گەرووی هورمز بە رووی ئەمریکادا بکاتەوە

 راوێژکاری موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران رایگەیاند، تاران گەرووی هورمز ناکاتەوە، هاوکات رێگە نادات گەمارۆکانی ئەمریکا بەردەوام بن.

هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد موخبیر، راوێژکاری موجتەبا خامنەیی رایگەیاند، تاران ئامادە نییە بەو شێوازە مامەڵەکردنەی ئێستا گەرووی هورمز بکاتەوە، هاوکات گوتیشی، فشارەکانی ئەمریکا بە بەردەوامبوونیان لەسەر ئێران، وادەکات تاران زیاتر پێداگیر بێت لەسەر بەردەواممانەوەی گەرووەکە بە بەردەوامی و رێگە بە هیچ کەشتییەک نادرێت بە بێ رەزامەندی ئێران تێبپەڕێت، جەختیشیکردەوە، بە هەموو شێوازێک دژی بەرژەوەندییەکانی واشنتن مامەڵە لەگەڵ کەشتییە پەیوەندارەکان بەوان دەکەن و رێگەیان پێنادرێت بە هورمزدا تێبپەڕن. 

ئەم لێدوانەی محەمەد موخبیر دوای ئەوە هات، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کاتی سفر بۆ شکاندنی گەمارۆ دەریایییەکانی ئەمریکا نزیک بووەتەوە. سوپای پاسداران هۆشداریدا، دەبێت دوژمن چاوەڕوانی جموجۆڵ لە ئاسمان و دەریا بکات و جەختیشیکردەوە، شکاندنی گەمارۆکە ئەرکێکە و لە بڕیارەکەیان پاشگەز نابنەوە.

ئەمریکا لە نیسانی 2026ـەوە گەمارۆیەکی دەریاییی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران، بەمەبەستی رێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت و بەرەنگاربوونەوەی ئەو سنووردارکردنانەی تاران لە گەرووی هورمز سەپاندوویەتی.

کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، رێڕەوی گواستنەوەی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانە، بووەتە خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکی لەو دانوستانانەی ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکانە لەگەڵ ئێران.

سەرەڕای پەککەوتنی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بەمەبەستی کردنەوەی دووبارەی ئەو رێڕەوە ئاوییە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەڕاوەتەوە سەر بەکارهێنانی گوشاری ئابووری، کە لە سزاکان و گەمارۆی ئەمریکادا خۆی دەبینێتەوە.