سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدات
پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند: سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 دەدات، ئەمەش لە کاتێکدایە لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا پەرلەمان دەکەوێتە پشووی یاسادانانەوە و تا ئێستاش لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان رێککەوتن نەکراوە.
هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند: بە پێی زانیارییەکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سێشەممەی داهاتوو دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 دەدات.
شێروانی ئاماژەی بەوە دا، لە یەکی کانوونی یەکەمدا، پەرلەمانی عێراق دەکەوێتە پشووی وەرزی یاسادانانەوە و چیدیکە ناتوانرێت وەرزی یاسادانان درێژ بکرێتەوە، چونکە پێشتر جارێک درێژ کراوەتەوە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، لە مانگی کانوونی یەکەمدا تەنیا یەک رێگە بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و لەبەردەستدایە، ئەویش ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەتە تاوەکوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت.
هاوکات وەزارەتی دارایی عێراق ڕەشنووسی بودجەکەی تەواو کردووە؛ بەپێی رەشنووسەکە، کۆی گشتیی قەبارەی بودجە 217 تریلیۆن و 248 ملیار و 50 ملیۆن و 761 هەزار دینارە و بڕی کورتهێنانیش دەگاتە 42 تریلیۆن و 161 ملیار و 357 ملیۆن و 761 هەزار دینار.
هەر لە رەشنووسەکەدا هاتووە، داهاتی نانەوتی رێژەی 18%ـی بودجە پێک دەهێنێت، سندووقی نەوەکان بە سەرمایەی یەک تریلیۆن دینار دروست کراوە و بڕی پێنج تریلیۆن دیناریش بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخان کراوە.
سەبارەت بە پرسی دامەزراندن و بەهەمیشەییکردن، لە رەشنووسی بودجەکەدا ئەوە دیاریی کراوە کە 500 هەزار فەرمانبەری گرێبەست و کرێی رۆژانە دەکرێنە هەمیشەیی و زیاتر لە 120 هەزار کەسی دیکەش بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێن.
لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان، پرسی نەوت و شایستە داراییەکانەوە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.