سوودانی و ئەحمەد شەرع: دەبێت زمانی گفتوگۆ جێگەی هێزی سەربازی بگرێتەوە
بەغدا و دیمەشق داوای دەستوەردانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە دەکەن
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی سووریا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، جەختیان لە پێویستیی گرتنەبەری رێگەی گفتوگۆ کردەوە بۆ چارەکردنی قەیرانەکان و داوایان لە وڵاتە زلهێزەکان کرد بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن.
شەممە، 28ـی شوباتی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە پێ گەیشت.
بە پێی راگەیەنراوەکە، لە میانەی پەیوەندییەکەدا تاوتوێی دۆخی گشتیی ناوچەکە کراوە، هەردوولا جەختیان لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان کردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە بەردەوامبوونی بەکارهێنانی هێزی سەربازی و گۆڕینی ئاراستەکان بەرەو گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، ئەوەش بە ئامانجی چارەکردنی قەیرانەکە و پاراستنی ئاشتیی ناوچەکە و سەلامەتیی گەلان.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە وڵاتە زلهێزەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەستوەردان بکەن و بەرپرسیارێتیی خۆیان لە ئەستۆ بگرن لەپێناو سەروەرکردنی یاسا و چەسپاندنی سەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.