لاریجانی: هەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا دژی ئێمە بەکار بهێنرێت، دەیکەینە ئامانج

عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران
عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران

ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە پەیامێکدا بۆ وڵاتانی ناوچەکە دڵنیایی دا کە وڵاتەکەی نیازی نییە هێرش بکاتە سەریان، بەڵام هۆشداریشی دا کە هەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا کە دژی ئێران بەکار بهێنرێت، دەبێتە ئامانجی هێرشەکانیان.

یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد.

لاریجانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئێمە لەو باوەڕەدا نین و بەتەمای ئەوە نین هێرش بکەینە سەر ئێوە، بەڵام کاتێک ئەو بنکانەی لە وڵاتی ئێوەدان دژی ئێمە بەکاردەهێنرێن و کاتێک ئەمریکا بە پشت بەستن بەم هێزانە ئۆپەراسیۆن لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدات، ئەوا ئێمە ئەو بنکانە دەکەینە ئامانج."

لاریجانی لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو بنکانە بە خاکی ئەو وڵاتانە ئەژمار ناکرێن، بەڵکو خاکێکی ئەمریکین."

بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.