ترەمپ: 48 سەرکردەی ئێرانمان کوشتووە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی خێرا بەرەو پێش دەچن و ئامانجەکان دەپێکن. هاوکات ئاشکرای کرد کە ئەگەر واشنتن دەستپێشخەریی نەکردایە لەم ئۆپەراسیۆنەدا، تاران لە ماوەی تەنیا دوو هەفتەدا دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز"ـی ئەمریکی، وردەکاریی نوێی سەبارەت بە هێرشەکان خستە روو و گوتی: "ئەگەر ئێمە هێرشمان نەکردایەتە سەر ئێران، ئەوا ئێران لە ماوەی دوو هەفتەدا دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەو کاتەش هیچ کام لەم رێکارانە ئەنجام نەدەدران."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "دۆخەکە بە خێرایی دەچێتە پێشەوە، کەس بڕوا ناکات کە ئێمە سەرکەوتوو بووین، بەڵام 48 سەرکردەی ئێرانی بە یەکجار لەناو براون."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە "نیگەران نییە سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت یان کاریگەرییەکانی سەر گەرووی هورمز" و جەختی کردەوە کە "ئەمریکا زانیاریی تەواوی هەیە لەسەر ژمارەی ئەو ئامانجانەی کە ماونەتەوە بۆ لێدان."
سەرۆکی ئەمریکا لە ئەوەشی خستە روو: "نیگەرانی هیچ شتێک نیم، تەنیا ئەوە دەکەم کە راستە و لە کۆتاییدا دەرەنجامەکە باش دەبێت."
هاوکات باسی لەوەش کرد، "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناو ئێران بە ریتمێکی خێراتر لەو خشتە کاتییەی بۆی دانراوە، بەڕێوە دەچن."
هەر لە بارەی ئێرانەوە، ترەمپ ئاشکرای کرد، دەسەڵاتدارانی ئێران دەیانتوانی رێککەون لەگەڵمان، بەڵام زۆر دواکەوتن، ئەوان هەوڵیان دا زۆر بە زیرەکانە و فێڵبازانە یارییەکە بکەن، ئێستاش بەشێک لەو کەسایەتییانەی کە ئەمریکا مامەڵەی لەگەڵ دەکردن، لە ژیاندا نەماون.
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.