فوئاد حوسێن بۆ عێراقچی: پێویستە جەنگ رابگیرێت

وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشی بەهۆی شەهیدبوونی عەلی خامنەیی، جەختی لەسەر پێویستیی راگرتنی جەنگ کردەوە.

یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام دا.

بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە میانی پەیوەندییەکەدا، فوئاد حوسێن پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی عەباس عێراقچی کرد بەهۆی شەهیدبوونی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆمرای ئیسلامیی ئێران.

هاوکات فوئاد حوسێن لە گفتوگۆکەدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، جەختی لەسەر هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە سەبارەت بە دۆخی ئێستا و رایگەیاند کە پێویستە جەنگ ڕابگیرێت.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، فوئاد حوسێن، لە بارەی رێکارە دەستوورییەکانی داهاتوو ئاگادار کرایەوە، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە میکانیزمی هەڵبژاردنی رێبەری باڵا لە چەند رۆژی داهاتوودا هەیە".

فوئاد حوسێن، جەختی لە پێویستیی کارکردن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەرزکردنەوەی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی راگەیاند.