سەرایا ئەولیاء دەم: بە درۆن بنکە سەربازییەکانی ئەمریکامان لە هەولێر کردە ئامانج

گرووپی (سەرایا ئەولیا دەم)، کە بەشێکە لە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراقە، لە راگەیەنراوێکدا بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە شاری هەولێر راگەیاند.

یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، گرووپی (سەرایا ئەولیاء دەم)، سەر بە مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، راگەیەنراوێکی سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمڕۆ بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "چەکدارەکانی گرووپەکە، هێرشێکیان لە رێگەی ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ـەوە کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە شاری هەولێر."

هەر ئەمشەو دانیشتووانی شاری هەولێر گوێبیستی دەنگی چەند تەقینەوەیەکی یەک لە دوای یەک بوون، بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، هێرشەکە لە رێگەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن)ـەوە ئەنجام دراوە و هەوڵیان داوە چەند پێگەیەکی هەستیار و دیاریکراو لە سنووری هەولێر بکەنە ئامانج، بەڵام سیستەمی دژە مووشەک و بەرگریی ئاسمانی دەستبەجێ چالاک بووە و سەرجەم درۆنەکانی لە ئاسماندا پێش گەیشتن بە زەوی تەقاندووەتەوە.

لە ماوەی رابردوودا چەندین جار لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە لە لایەن گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکان، هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی هەولێر و بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان و کونسوڵخانەکان دراوە، بەڵام زۆربەی ئەو هێرشانە بەهۆی بوونی سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو، شکستیان پێ هێنراوە و ئامانجەکانیان نەپێکاوە.

لەم کاتەی ئێستا دۆخی ئەمنیی شاری هەولێر ئاساییە و هێرشە درۆنییەکانیش هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.