وڵاتانی کەنداو بۆ رووبەرووبوونەوەی هێرشەکانی ئێران کۆدەبنەوە

ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و راستەوخۆ بۆ وڵاتانی ئەندام رێکدەخرێت، مەبەست لە کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و کاریگەرییە چاوەروانکراوەکانیانە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی.

یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و راستەوخۆ بۆ وڵاتانی ئەندام رێکدەخرێت، لەمبارەیەوە، مەنسوور فەقیری، ئەندامی ئەنجوومەنی کارسازانی عێراقی، رایگەیاندووە: "چاوەروان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەنگاوەکانی هەماهەنگیی کەنداو بکرێت بۆ رووبەرووبوونەوەی هەر لێکەوتەیەکی ئەمنی، لەگەڵ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هاوکارییە بەرگری و سیاسییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەکان."

مەنسوور فەقیری سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی ئێرانی کرد کە کرانە سەر شاری ریاز و ناوچەی شەرقیە لە سعوودیە و رایگەیاند، هێرشەکان لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە تێکشکێندراون، گوتیشی: "هێرشەکانی ئێران لە ژێر هیچ پاساوێکدا قبوڵکراو نین، چونکە تاران دەزانێت سعوودیە پێشتر دڵنیایی دابوو کە رێگە نادات خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت."

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە ئیسرائیل هێرشێکی پێشوەختەی کردە سەر ئێران، ئەمەش وای کرد تاران ئاسمانی وڵاتەکەی دابخات و هێرشی پێچەوانە بکاتە سەر خاکی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو.

لەلایەکی دیکەوە، یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان دوای هەڵسەنگاندنی ئەمنی و بینینی جوڵەی دوژمنکارانە ئەنجامدراوە کە پێویستی بە کاردانەوەی دەستبەجێ هەبووە، جەختیشی کردەوە، هێرشەکان چەندین پێگەی هەستیاریان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە.