عەباس عێراقچی: بۆردومانکردنی پایتەختەکەمان کاریگەریی لەسەر تواناکانمان نابێت

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران، دەڵێت: کە وڵاتەکەی ماوەی دوو دەیە سەرقاڵی لێکۆڵینەوە بووە لە شکستەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا. هاوکات جەختی کردەوە کە بۆردومانکردنی تاران هیچ لە توانای جەنگیی ئەوان کەم ناکاتەوە و بە ستراتیژێکی تایبەت کۆتایی بە جەنگ دەهێنن.

یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "ماوەی دوو دەیە دەرفەتمان هەبووە بۆ ئەوەی بە وردی لێکۆڵینەوە لە شکستەکانی سوپای ئەمریکا لە هەردوو بەری رۆژهەڵات و ڕۆژئاوای وڵاتەکەمان بکەین، ئێمە بە گوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانە، وانە و ئەزموونی پێویستمان وەرگرتووە و لە بەرنامەکانماندا جێگیرمان کردوون."

سەبارەت بە هەڕەشەکانی بۆردومانکردنی تاران، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە: "بۆردومانکردنی پایتەختەکەمان، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر توانای ئێمە بۆ بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی جەنگ نابێت."

عێراقچی هاوکات گوتی: "سیستەمی بەرگریی ئاسمانیمان توانامان پێ دەبەخشێت کە خۆمان بڕیار بدەین کەی و چۆن کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنین." ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە كات و شێوازى كۆتاييھاتنى جەنگەکە دياریی دەكەين.

بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.