ئیمارات: گەشتە ئاسمانییەکان ئاسایی دەبنەوە
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنی ئیمارات رایگەیاند، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گەڕانەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بە شێوەیەکی سەلامەت و رێکخراو لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەدا.
یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە هەماهەنگییەکی نزیکدان لەگەڵ فڕۆکەخانەکان و کۆمپانیا نیشتمانییەکانی گواستنەوەی ئاسمانی بۆ چالاککردنی پلانەکانی باری نائاسایی، بە مەبەستی دڵنیابوون لە بەردەوامیی پڕۆسە تەکنیكی و چاودێرییەکان.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، کار دەکەن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و پاڵپشتی پێویست بۆ ئەو گەشتیارانەی بەهۆی بارودۆخەکەوە گەشتەکانیان دواکەوتووە، هاوکات هەوڵ دەدەن جوڵەی ئاسمانی بە شێوەیەکی پارێزراو و رێکوپێک بگەڕێننەوە دۆخی ئاسایی خۆی.