رۆیتەرز: پێنتاگۆن داوای لە چەند وڵاتێکی ناتۆ کردووە لێدوانە توندەکانیان دژ بە رووسیا هێور بکەنەوە

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە چەند هەفتەی رابردوودا داوایان لە چەند وڵاتێکی ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ، بەتایبەت دەوڵەتانی باڵتیک کردووە گوتار و لێدوانە توندەکانیان دژ بە رووسیا نەرم بکەنەوە، بەو پاساوەی هێرشی زارەکی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا دروست دەکات و دەبێتە رێگر لەبەردەم هەوڵەکانی ئاشتی.

هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی زانیارییەکانی چوار سەرچاوەی دیپلۆماسی و سەربازی بۆ رۆیتەرز، بەرپرسانی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوە دووقۆڵییەکاندا ئەم پەیامەیان بە دەوڵەتانی باڵتیک ئیستۆنیا، لاتیڤیا و لیتوانیا گەیاندووە. پەیامەکە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی پێنج ساڵەی ئۆکرانیا؛ هەوڵێک کە لە لایەک نەرمی و ئیمتیازات بە مۆسکۆ دەبەخشێت وەک سووککردنی سزاکان و لە لایەکی دیکەشەوە فشار دەخاتە سەر کیێڤ بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر ژێرخانی وزەی رووسیا.

یەکێک لە سەرچاوەکان ئاشکرای کردووە، واشنتن نیگەران بووە لە هەندێک لێدوانی بەرپرسانی ئەوروپی کە تێیاندا رووسیایان وەک "هێزێکی گەمارۆدراو " وەسف کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، ئیلبریج کۆلبی، بەرپرسی باڵای داڕشتنی سیاسەت لە پێنتاگۆن بە بەرپرسێکی باڵتیکی راگەیاندووە کە پێویست ناکات رووسیا بورووژێنن.

کۆلبی بە تایبەتی ئاماژەی بە گوتەکانی هەندێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا کردووە کە مۆسکۆیان بە "مشکی کەوتووەتە کون" چواندبوو و ئەم جۆرە دەربڕینانەی بە بێسوود ناوبردووە لە ئاماژەیەکدا بۆ وتەکانی کریستن میهال، سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا کە پووتینی بەو شێوەیە وەسف کردبوو.

دیپلۆماتکارێکی ئەوروپیش پوختەی پەیامە نهێنییەکەی پێنتاگۆنی بەم شێوەیە گێڕاوەتەوە: "ئێمە یارمەتیتان دەدەین و ئەمریکییەکان لێرەن... بەس تکایە ئێوەش هێندە هەراوزەنا مەنێنەوە و دەنگتان نزم بکەنەوە."

ئەم پەیامانەی واشنتن گوزارشت لە دروستبوونی ناکۆکییەکی ناوخۆیی لە نێو ناتۆ دەکات سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانی کرێملن؛ بەشێک لە بەرپرسانی رۆژئاوا پێیان وایە گەورەکردنی هەڕەشەکانی رووسیا لە بەرژەوەندیی مۆسکۆ دەشکێتەوە و ترسی دەروونی بڵاودەکاتەوە، لە بەرامبەردا دەوڵەتانی باڵتیک و بەشێک لە هاوپەیمانان باوەڕیان وایە دەبێت بە ئاشکرا باسی مەترسییەکان بۆ خەڵک بکرێت تا لە پێویستیی خەرجییە سەربازییەکان تێبگەن، بەتایبەت کە مۆسکۆ هەڵمەتێکی ژێربەژێری تێکدەرانەی لە ئەوروپا دەستپێکردووە وەک دەستگیرکردنی دوو هاووڵاتیی بیلاڕووسی لە ئەڵمانیا بە تۆمەتی هەوڵی ئاگرتێبەردان.

ئەم داواکارییانەی واشنتن هاوکاتە لەگەڵ پێداچوونەوەیەکی گشتگیری پێنتاگۆن بە مانەوە و قەبارەی هێزەکانی لە کیشوەری ئەوروپا، کە رەنگە ببێتە هۆی کەمکردنەوەیەکی بەرچاوی سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکە. بەرپرسانی کۆشکی سپی بە روونی ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێویستە وڵاتانی ئەوروپی بەرپرسیارێتیی زیاتری بەرگریی خۆیان لە ئەستۆ بگرن، بەتایبەت کە ئێستا گرنگیپێدانی ستراتیژیی ئەمریکا زیاتر بەرەو قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای لاتین و رۆژهەڵاتی ئاسیا ئاراستە کراوە.