گەشتیارانی زستانە روودەکەنە چیای حەسەن بەگ

به‌فر گه‌شتیاری زۆری بۆ هه‌رێمی كوردستان‌ كێشكردووه‌

چیای حه‌سه‌ن به‌گ، هه‌رێمی كوردستان
چیای حه‌سه‌ن به‌گ، هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

ده‌ڤه‌ری برادۆست له‌ پاڵ گرنگی شوێنه‌وار، ئه‌ستێره‌ی به‌ گه‌شتیاریبوونیشی له‌هه‌ڵكشاندایه‌، دیمه‌نه‌ به‌فرین و جوانه‌كانی چیای حه‌سه‌ن به‌گ‌ له ‌سۆران، بووه‌ته‌ جێگای بایه‌خی كۆمپانیاكانی هێنانی گه‌شتیار له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق.

عەلی سەلام، خاوه‌نی کۆمپانیایه‌كی گەشتیاری، گوتی: "بەفر دەورەی داوین و زۆر سەرنجراكێشە، ھاتووین بۆ حەسەن بەگ، خەڵك رێزی زۆرمان دەگرن و لە بازگەكان ھیچ گرفتێكمان بۆ درووست ناكرێت، ناوچەیەكی كراوەیە و كەشوھەواكە زۆر خۆشە".

ته‌واوی گه‌شتیارانی چیای حه‌سه‌ن به‌گ،‌‌ خه‌ڵكی به‌غدا و خوارووی عێراقن، به‌شی زۆریان، یه‌كه‌م جاره‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌‌ ده‌بینن، جگه‌ له‌ یاریكردن له‌گه‌ڵ به‌فر و وێنه‌گرتن، مامه‌ڵه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌ولێر بووه‌ته‌ مایه‌ی ستایشكردنیان و زیاتر چێژ له‌ گه‌شته‌كانیان وه‌ربگرن.

وه‌قا وه‌لید، گه‌شتیار، ئاماژه‌ی كرد، "لەگەڵ خێزانەكانمان لە بەغداوە ھاتووین و مامەڵەی خەڵك زۆر باشە لەگەڵمان، شوێنەكەش سەرنجڕاكێش و خاوێنە".

محەمەد قەیس، گه‌شتیار، گوتی: "سەرەتا سه‌ردانی قه‌ڵای ھەولێرمان كرد، دواتر ھاتینە ئێرە، من چوارەمین جارە بۆ گەشتكردن دێمە ئێرە، ئاسوودەین و رووبەڕووی ھیچ كێشەیەك نەبووینەتەوە".

خلود جبوری، گه‌شتیار، گوتی: "گەشتیاری ئەم ناوچەیە، ئەگەر گرنگی پێ بدرێت، ھاوشێوەی ئەوروپا و وڵاتە پێشكەوتووەكانی لێدێت، چیای حەسەن بەگ سوودمان پێدەگەیەنێت، من مامۆستای جوگرافیام و وێنەی دەگرم و قوتابییەكانمی نیشان ده‌ده‌م، ھیوادارم گرنگی زیاتر بە پڕۆژەگەشتیارییەكان بدرێت".

به‌گوێره‌ی دواین ئاماری گه‌شتوگوزاری سۆران، له (2) رۆژی پێش سه‌ری ساڵ تا ئێستا به‌ به‌رده‌وامی رۆژانه‌ نزیكه‌ی چوار بۆ پێنج هه‌زار گه‌شتیاری زستانه‌ی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق هاتوونه‌ته‌ ده‌ڤه‌ری سۆران، هاتنی ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ی گه‌شتیارانیش بۆ زۆری به‌فربارین و دیمه‌نی جوانی ناوچه‌كه‌ و پارێزراوی گیانی گه‌شتیاران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

د.ی