هۆکاری کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک لە چەند گەڕەکێکی هەولێر ئاشکرا دەکرێت

لە هەولێر شەش شارەوانی بە قەبارەی جیاواز هەن، هەریەکەیان لەلایەن کۆمپانیایەکەوە پاکدەکرێنەوە

هەرکەسێک خاشاکی بەردەم ماڵەکەی کۆنەکراوەتەوە، پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی بکات
هەرکەسێک خاشاکی بەردەم ماڵەکەی کۆنەکراوەتەوە، پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی بکات

K24 - هەولێر

لە چەند گەڕەکیکی شاری هەولێر ماوەی چەند رۆژێکە زبڵ و خاشاک لەلایەن کۆمپانیاکانی سەر بە شارەوانییەوە هەڵناگیرێتەوە، ئەمەش بووەتە مایەی ناڕازیبوونی هاووڵاتییانی ئەو گەڕەکانە، سەرۆکایەتیی شارەوانیش دەڵێ، هۆکارەکەی بۆ گۆڕینی کۆمپانیاکانی پاککردنەوە دەگەڕێتەوە و کێشەکە چارەسەرکرا.

لە هەولێر شەش شارەوانی بە قەبارەی جیاواز هەن، هەریەکەیان لەلایەن کۆمپانیایەکەوە پاکدەکرێنەوە، بەڵام بەهۆی جیاوازی قەبارەیان سنووری شارەوانی هەیە پێویستی بە 25 ئۆتۆمبێلی پاککردنەوەیە، هەیە پێویستی بە 60 ئۆتۆمبێلە.

سیامەند کەریم، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند "هۆکاری کۆبوونەوەی زبڵ لە هەندێک گەڕەکی هەولێر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تەندەرینگ لە کۆتایی مانگی 11ـی ساڵی رابردوو کراوە، بەشێکی کۆمپانیاکان، کە سێ دانەن، گۆڕاون. ئەو کۆمپانیا نوێیانە لە شەوی سەری ساڵدا دەستبەکاربوون و هێشتا بەتەواوی شارەزای گەڕەکەکان نەبوون".

بەگوتەی ئەو گوتەبێژە، ئەو کۆمپانیا نوێیانە، دووانیان کە لە سنووری شارەوانیی شەش و چوار کاردەکەن، کێشەیان هەبووە، چونکە پێشتر ئەو کارەیان نەکردووە، بۆیە پێویستیان بە کاتە، "هەرچەندە دەڵێن لەمڕۆوە تەواوی زبڵ و خاشاکیان کۆکردووەتەوە".

ئەو گەڕەکانەی کێشەی زبڵیان هەبووە لە چەند رۆژی رابردوودا و خەڵکەکە سکاڵاین کردووە پێکدێن لە گەڕەکەکانی: منارە، فەرمانبەران، عەلیاوە، باداوە و قەرەبوو. 

سیامەند کەریم دەڵێ "هەرکەسێک خاشاکی بەردەم ماڵەکەی کۆنەکراوەتەوە، پەیوەندی بە ژمارەی مۆبایلی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی سەر بە شارەوانی بکات بە ژمارەی مۆبایلی 07511624550، هەر ئەوکاتە ئۆتۆمبێلی شارەوانی دەچن و زبڵەکان پاکدەکەنەوە".

لە سنووری هەولێر رۆژانە دوو هەزار تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە و لە زبڵخانەی کانی رژاڵە ژێرخاک دەکرێن.

سیامەند کەریم جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئێستا کێشەی بۆنی ناخۆشی کانی قرژاڵە بە سیستەمیکی نوێ چارەسەرکراوە"، بەگوتەی ئەو "زیاتر لە 18 بیر لێدراوە کە زبڵەکەی لێ ژێرخاک دەکرێت، دواتر ئەو گازی میسانەی لێی دەردەچێت، دەسووتێنرێت و بەبێ زیان بۆنەکە نامێنێت".

Fly Erbil Advertisment