عێراقچی: بەرپرسیارێتی رشتنی خوێنی ئەمریکییەکان لە ئەستۆی لۆبییەکانی لایەنگری ئیسرائیلە
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکی رەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا گرت و رایگەیاند کە واشنتن لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل چووەتە ناو جەنگێکەوە کە هیچ پاساوێکی نییە. عێراقچی جەختی کردەوە کە ئەو هەڕەشە ئێرانییەی باس دەکرێت تەنیا ئەفسانەیەکە و بوونی نییە.
سێشەممە 3ی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتراستی کردەوە، ئەوەی ئێستا روودەدات جەنگێکی ئارەزوومەندانەیە کە ئەمریکا لەسەر داوا و بەرژەوەندیی تەلئەڤیڤ هەڵگیرساندووە.
گوتیشی: جیهان ئێستا دەزانێت ئەمریکا تەنیا بۆ رازیکردنی ئیسرائیل تێوەگلاوە و هیچ مەترسییەکی راستەقینە لە لایەن ئێرانەوە لە ئارادا نەبووە، بەڵکوو ئەمە تەنیا بۆچوونێک بووە کە لە لایەن نەیارانی ئێرانەوە پەرەی پێدراوە تا پاساو بۆ هێرشەکان بدۆزرێتەوە.
عێراقچی لە درێژەی قسەکانیدا بەرپرسیارێتی رشتنی خوێنی سەربازانی ئەمریکی و هاووڵاتییانی ئێرانی خستە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە بە "ئیسرائیل لەپێش هەمووان" (Israel Firsters) ناوی بردن. ئەو پێیوایە کە لۆبییەکانی لایەنگری ئیسرائیل لە ناوخۆی ئەمریکا بڕیارە سیاسییەکان ئاراستە دەکەن و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەخەنە پێش ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و ژیانی هاووڵاتییانی خۆیان، ئەمەش بووەتە هۆی تێوەگلانی واشنتن لە ململانێیەکی خوێناویی بێ سوود.
وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە گەلی ئەمریکا کرد کە وڵاتەکەیان لەژێر دەستی ئەو لایەنانە دەربهێنن و رایگەیاند کە گەلی ئەمریکا شایستەی دۆخێکی باشترن لەوەی ئێستا تێیدان.