ترەمپ: جیهانم لە مەترسییەکی جددی پاراست

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جارێکی دیکە هێرشی توندی کردە سەر رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان وڵاتانی زلهێز و ئێران (JCPOA) و رایگەیاند بڕیارەکەی ئەو بۆ کۆتاییهێنان بەو رێککەوتنە، جیهانی لە مەترسییەکی گەورەی ئەتۆمی پاراستووە و ڕێگری کردووە لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی کۆکوژ.

سێشەممە 3ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس" نووسیویەتی: رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی سەردەمی باراک ئۆباما، "خراپترین و مەترسیدارترین" مامەڵە بووە کە حکوومەتی ئەمریکا لە مێژووی خۆیدا ئەنجامی دابێت. ئەو پێیوایە ئەگەر ئەو رێککەوتنە وەک خۆی بەردەوام ببووایە و ئەو لێی نەکشایەتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران سێ ساڵ لەمەوبەر دەبووە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی، ئەمەش دەبووە هۆی گۆڕینی هاوسەنگییەکانی جیهان بە ئاراستەیەکی خراپتردا.

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا رەخنەی توندی ئاراستەی باراک ئۆباما و جۆ بایدن کرد و ئەوانی بە بەرپرسیاری ئەو دۆخە مەترسیدارە دانا و جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتەکانی ئەو ئۆباما و جۆو بایدن زیانی گەورەی بە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و سەقامگیری جیهان گەیاندووە و دەڵێت ئەگەر رێککەوتنەکە بمایەتەوە، ئێستا جیهان شوێنێکی تەواو جیاواز و پڕ لە مەترسی دەبوو.

ترەمپ بە شێوازێکی ستایشکەرانە باس لە بڕیارەکانی خۆی دەکات و دەڵێت: تەنیا ئەو توانیویەتی ئەو هەڵە مێژووییە راست بکاتەوە. ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ململانێی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا گەرم بووە و پرسی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی وەک یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ماوەتەوە، بە تایبەت کە رەخنەگرانی ترەمپ پێیان وایە کشانەوەی ئەو لە رێککەوتنەکە وای کردووە ئێران زیاتر لە جاران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت.