ناتانیاهۆ: ئێران وانەی لە جەنگی 12 رۆژە وەرنەگرتووە
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئێران هەنگاوێکی حەتمی و پێویست بووە بۆ ڕێگریکردن لە تەواوبوونی بنکە ئەتۆمییە ژێرزەوییەکانی تاران. هۆشداریشی دا، ئەگەر ئێستا ئەو هەنگاوە نەنرایە، لە چەند مانگی داهاتوودا ئێران دەبووە خاوەنی ژێرخانێکی ئەتۆمی کە تێکشکاندنی مەحاڵ دەبوو.
سێشەممە 3ـی ئاداری 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، تاران دەستی کردبوو بە دروستکردنی پەناگەی ژێرزەویی زۆر قاییم بۆ پاراستنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییە بالیستییەکانی.
ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دامەزراوە نوێیانە تەنیا چەند مانگێکیان مابوو بگەنە قۆناغێک کە لە بەرانبەر هەر هێرشێکی ئاسمانی یان مووشەکی پارێزراو بن؛ گوتیشی: ئەگەر ئێستا هیچ بڕیارێکی سەربازیمان دژی ئەو بنکانە نەنەبایە، لە داهاتوودا هەر هەنگاوێک مەحاڵ دەبوو، چونکە کات لە بەرژەوەندیی تاراندا بوو نەک ئێمە.
سەبارەت بە هۆکاری دەستپێکردنی هێرشەکان، ناتانیاهۆ بەرگری لە بڕیارەکەی کرد و جەختی کردەوە کە ئەمە کارێکی پێشوەختە بووە بۆ پاراستنی ئیسرائیل، چونکە بە گوتەی ئەو "ئەگەر ئێمە هێرشمان نەکردایە، بێگومان ئەوان هێرشیان دەکردە سەر ئێمە". هەروەها ڕەخنەی لە دەسەڵاتدارانی تاران گرت و ڕایگەیاند کە ئەوان هیچ وانەیەکیان لە جەنگی 12 ڕۆژە وەرنەگرتووە و بەردەوام بوون لە هەڕەشەکانیان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناتانیاهۆ باسی لە داهاتووی ململانێکان کرد و دڵنیایی دا کە وڵاتەکەی نایەوێت جەنگێکی درێژخایەن و بێ کۆتایی لەگەڵ ئێراندا بەرپا بکات و ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی بە زووترین کات کۆتایی بەم جەنگە بهێنرێت.
ناتانیاهۆ سەبارەت بە پرسی گۆڕینی ڕژێمی تاران گوتی: ئەوان بڕیاری گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران بۆ خودی خەڵکی ئەو وڵاتە بەجێدەهێڵن.