باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کوەیت داخرا
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کوەیت کارەکانی هەڵپەسارد و دەرگای داخست.
ئەمڕۆ سێشەممە 03ـی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە شاری کوەیت هۆشدارییەکی ئەمنی بڵاوکردەوە و تێیدا داخستنی باڵیۆزخانەکەی بە رووی هاووڵاتییاندا راگەیاند.
لە راگەیەنراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکادا هاتووە، "بەهۆی بەردەوامیی ئاڵۆزییە ناوچەییەکانەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کوەیت تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر و کاتێکی نادیار داخراو دەبێت".
باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم چاوپێکەوتنە ئاسایی و کتوپڕەکانی تایبەت بە کاروباری کونسوڵگەرییان هەڵوەشاندووەتەوە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا روونیشی کردەوە، لە داهاتوودا و هەر کاتێک بگەڕێنەوە بۆ دۆخی ئاسایی کارکردن و کردنەوەی دەرگای باڵیۆزخانە، زانیارییەکان بڵاودەکەنەوە.
داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کوەیت هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە رۆژی شەممەوە، 28ـی شوباتی 2026، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکردووە؛ رۆژانەش سوپای پاسداران بە دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران، شەش سەربازیان کوژراون.
هاوکات فەرماندەییەکە راشیگەیاندووە، سێ فڕۆکەی جەنگیی جۆری (ئێف – 15)ـیان لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کویتەوە تێکشکێنراون، بەڵام فڕۆکەوانەکان سەلامەتن.
کوەیت میوانداریی هەزاران سەربازی ئەمریکی دەکات و بنکەی سەربازیی (عەریفجان) لەو وڵاتە، یەکێکە لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
بەپێی پرۆتۆکۆڵە ئەمنییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کاتی بوونی هەر مەترسییەکی ئەمنی یان هەواڵگری لەسەر نوێنەرایەتییەکانیان، راستەوخۆ بڕیاری داخستن و کەمکردنەوەی فەرمانبەران دەدەن بۆ پاراستنی گیانیان.
شایانی باسە کوەیت ساڵی 2004 وەک هاوپەیمانی سەرەکیی دەرەوەی ناتۆ لەلایەن واشنتنەوە ناسێندراوە و ڕۆڵێکی گرنگ لە ئۆپەراسیۆنە لۆجستییەکانی سوپای ئەمریکادا دەگێڕێت.