سێ هێڵی فڕۆکەوانی هیندستان گەشتەکانیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکەنەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، سێ هێڵی ئاسمانی هیندستان دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند، ئامانجیشیان گەڕاندنەوەی هەزاران گەشتیار و سەرنیشینە کە لەسەرەتای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئیسرائیل گیریان خواردبوو.

کۆمپانیای ئیندیگۆ کە گەورەترین کۆمپانیای فڕۆکەوانی هیندستانە، رایگەیاند، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە دەست بە چوار گەشتی چوون و هاتنەوە لە نێوان شارە جیاوازەکانی هیندستان و شاری جددەی سعوودیە دەستپێدەکاتەوە، کۆمپانیاکە هیوای خواست وردە وردە دۆخەکە ئارام بێتەوە و گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی بێتەوە.

کۆمپانیای ئەیر ئیندیا ئێکسپرێس رایگەیاند، گەشتەکانی بۆ شاری مەسقەتی پایتەختی عومان دەستپێدەکاتەوە.

بە هەمان شێوە کۆمپانیای ئاکاسا ئەیر کە یەکێکی دیکەیە لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، رایگەیاند، چەند گەشت بۆ شاری جددە ئەنجام دەدات.

هاوکات چەند کۆمپانیایەکی دیکەی فڕۆکەوانی رایانگەیاند، وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ بەحرەین، کوەیت، قەتەر، ئیمارات و سعوودیە بەردەوام دەبێت.

هەزاران هاووڵاتیی باشووری ئاسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکەن، هەروەها لەو هێرشانەدا چەندین هاووڵاتیی باشووری ئاسیا کوژراون، لەوانە کەسێکی نیپاڵی لە ئەبوزەبی و دوو بەنگلادیشی لە بەحرەین و ئیمارات.

میدیاکانی هیندستان بڵاویانکردەوە، پیاوێکی هیندی لە کەشتییەکدا لە کەناراوەکانی عومان کوژراوە.