سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نەخۆشخانەی "ماجدیی تایبەت"ـی کردەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەی "ماجدیی تایبەت" کە یەکێک لە گەورەترین و پێشکەوتووترین پڕۆژە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان؛ بە شێوەیەکی فەرمی لە هەولێر کردەوە.
ئەم نەخۆشخانەیە کە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی (کۆمپانیای ماجدییە) و بە سەرپەرشتیی وەبەرهێنەر (ئەحمەد مەلا قادر ماجدی) جێبەجێ کراوە، سەرمایەکەی دەگاتە 80 ملیۆن دۆلار و ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانە بۆ بەرزترین ستانداردی جیهانی.
تایبەتمەندییە گشتییەکانی بیناکە:
- رووبەر و قەبارە: نەخۆشخانەکە لەسەر رووبەری 50 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە و لە باڵەخانەیەکی مۆدێرنی شەش نهۆمی پێکهاتووە.
- توانای لەخۆگرتن: نەخۆشخانەکە جێگەی 230 قەرەوێڵەی نەخۆشی تێدا دەبێتەوە و بە نوێترین تەکنەلۆژیای سەردەم تەیار کراوە.
خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و بەشە پسپۆڕییەکان:
نەخۆشخانەکە کۆمەڵێک بەشی فراوان و دەگمەن لەخۆ دەگرێت کە چارەسەر بۆ زۆربەی نەخۆشییەکان دابین دەکات، لەوانە:
- بەشی ڕاوێژکارییەکان: زیاتر لە 20 پسپۆڕیی جیاواز لەخۆ دەگرێت، وەک (دڵ، مێشک و دەمار، گورچیلە، کوێرەڕژێنەکان، هەرس، چاو، منداڵان، ئافرەتان، رۆماتیزم، هتد...) لەگەڵ نەشتەرگەرییەکانی (ئێسک و شکان، دڵ و سێنگ، گشتی، قورگ و لووت و گوێ، جوانکاری و نەشتەرگەریی منداڵان).
- بەشی تیشک و دەستنیشانکردن: بە پێشکەوتووترین ئامێرەکانی وەک (MRI 3T)، (MRI کراوە)، (CT Scan) بە توانای 64 و 256 سلایس، ئامێرەکانی تیشک (X-Ray)، سۆنار، مامۆگرافی و فلۆرۆسکۆپی تەیار کراوە.
- یەکە تایبەتمەندەکان: نەخۆشخانەکە خاوەنی یەکەی پێشکەوتووە بۆ قەستەرەی دڵ و مێشک، هەناوبینی (نازووری گەدە و ڕیخۆڵە)، پزیشکی ناوەکی، منداڵی بلووری (IVF)، شوشتنی گورچیلە، و چارەسەری کیمیایی بۆ شێرپەنجە.
- نەشتەرگەری و چاودێری: پڕۆژەکە خاوەنی 12 هۆڵی نەشتەرگەریی مۆدێرن و بەشی چاودێریی چڕ (ICU)ـە کە توانای 27 قەرەوێڵەی هەیە، جگە لە بەشەکانی فریاکەوتن، سووتان، چارەسەری سروشتی و بانکی خوێن.
خزمەتگوزاریی مانەوە و ئاسانکارییە گشتییەکان:
بۆ دابینکردنی زۆرترین ئاسوودەیی بۆ نەخۆش و پزیشکان، نەخۆشخانەکە ئەم خزمەتگوزارییانەی دابین کردووە:
- 122 ژووری ئاسایی و 11 ژووری تایبەت (VIP) بۆ نەخۆش.
- مۆتێلێکی تایبەت بۆ نیشتەجێبوونی پزیشکان کە لە 70 ژوور پێکهاتووە.
- بەشەکانی دەرمانخانە، تاقییگە، پزیشکی ددان و سەنتەری جوانکاری.
- ژێرخانێکی کارگێڕیی بەهێز کە پێکهاتووە لە: هۆڵی کۆنفرانس، هۆڵی کۆبوونەوە، ژووری پۆدکاست، ڕێستورانت، کافتریا و پارکینگێکی زۆر فراوان.
- بوونی شوێنی تایبەت بە نیشتنەوەی هەلیکۆپتەر (Helipad) بۆ گواستنەوەی خێرای حاڵەتە لەناکاوەکان.
کاریگەریی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار:
کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە تەنیا خزمەتێکی تەندروستی نییە، بەڵکوو بوژانەوەیەکی ئابووریشە بۆ ناوچەکە. بەپێی زانیارییەکان، پڕۆژەکە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی نزیکەی 420 هەلی کاری ڕاستەوخۆ بۆ کادیرانی پزیشکی، کارگێڕی و تەکنیکی، کە ئەمەش ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و پشتیوانیکردنی تواناکانی ناوخۆ.