گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە 25 دێری کورتدا

ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەی "ماجدیی تایبەت"ـی لە هەولێر کردەوە و گوتارێکی پێشکەش کرد.

 

  • گوتارەکەی سەرۆکوەزیران لە 25 دێری کورتدا:

1. نەخۆشخانەی ماجدی بە شێوازێکی زۆر پێشکەوتوو و بە ستانداردی نێودەوڵەتی دروست کراوە. 

2. هیوادارم کەس ناچار نەبێت بێتە نەخۆشخانەکە؛ بەڵام ئەگەر هاتن، بە باشترین شێوە خزمەتیان دەکرێت.

3. هیوادارم وەبەرهێنەرانی وەک (حاجی ئەحمەد) بەردەوام بن لە وەبەرهێنان بۆ پێشخستنی هەرێمی کوردستان.

4. دڵنیام پزیشک و پەرستار و فەرمانبەری زۆر باشمان هەیە کە دەتوانن خزمەتی هاووڵاتییان بکەن.

5. جێی داخە کە ناوچەکەمان بەم شێوازە دووچاری شەڕ و ئاڵۆزی بووەتەوە.

6. هەندێ لایەنی لەیاسادەرچوو و تیرۆریست هەولێریشیان کردووەتە ئامانجی خۆیان.

7. سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان دەکەم.

8. دڵنیا بن ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت.

9. هەوڵ دەدەین کوردستان بە دوور بگرین لەم شەڕ و ئاژاوانەی لە ناوچەکەدا هەن.

10. بەردەوام دەبین لە پاراستنی دەستکەوتەکانی خۆمان.

11. ئینشائەڵڵا ئاسایش و سەقامگیری جێگەی شەڕ و گرژی و توندوتیژی دەگرێتەوە.

12. سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم بۆ پشوودرێژییان بەرامبەر گرفتەکان.

13. کۆمپانیاکان بۆ خۆپارێزی بەرهەمەکانی خۆیان کەم کردووەتەوە کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کارەبا.

14. کێشەی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا، شتێکی کاتییە. 

15. هیوادارم خەڵکی خۆمان تێبگات، ئەم شتەی روویداوە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە بووە.

16. بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی مووچە بدۆزینەوە.

17. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندبوونەکانی خۆی بەرانبەر بەغدا جێبەجێ کردووە.

18. داوا دەکەین حکوومەتی فیدراڵیش پابەندییەکانی بەرانبەر شایستە داراییەکانمان جێبەجێ بکات.

19. لەسەر بەڵێنی خۆمانین کە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین بکەین.

20. هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی کەمترین زیان بەر خەڵکی کوردستان بکەوێت.

21.  داواکارم خەڵکی کوردستان پابەندی رێنماییەکان بن و بە هەموو شێوەیەک خۆیان بپارێزن.

22. داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین رێگە بە تیرۆریست و لەیاسادەرچووان نەدەن چیتر پەلاماری کوردستان بدەن.

23. ناتوانین تا سەر بێدەنگ بین لە بەرانبەر پەلاماردانی کوردستان.

24. کارەکانمان دەخەینە خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستان و ئەوانەی سەردانی کوردستانیش دەکەن.

25. دڵنیابن کوردستانمان هەر ئاوەدان و پارێزراو دەبێت.