ئەکسیۆس نهێنی پلانی کوشتنی خامنەیی ئاشکرا دەکات

بەپێی راپۆرتێکی نوێی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نهێنی لە 23ی شوباتدا لە نێوان ناتانیاهۆ و ترەمپ، بووەتە خاڵی وەرچەرخان بۆ دەستپێکردنی جەنگی ئێران و کوشتنی رێبەری باڵای ئەو وڵاتە.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە راپۆرتێکدا لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادار پەردەی لەسەر وردەکاریی ئەو پلانە لادا کە بووە هۆی کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران. بەپێی راپۆرتەکە، هەموو شتێک لە رۆژی دووشەممەی رابردوو دەستی پێکرد، کاتێک بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بە دۆناڵد ترەمپی راگەیاندووە کە هەواڵگریی وڵاتەکەی شوێن و کاتی کۆبوونەوەیەکی خامنەیی و سەرکردەکانی ئێرانی لە تاران دەستنیشان کردووە.

ئەو زانیارییانەی ناتانیاهۆ دایە ترەمپ و تیمی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، ئاماژە بوون بۆ ئەوەی کە دەکرێت تەواوی سەرکردایەتی ئێران بە تەنیا یەک لێدانی ئاسمانی لە ناو ببرێن. ئەمەش وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە زۆرێک لە سەرکردەکانی جیهان دەیانکرد: "بۆچی ئێستا؟". وەڵامەکە ئەوە بوو کە خامنەیی و سەرکردە باڵاکانی ئێران ببوونە ئامانجێکی ئەوەندە گەورە کە نە ترەمپ و نە ناتانیاهۆ نەیاندەویست لەدەستی بدەن.

بۆ سەرکەوتنی پلانەکە، ترەمپ فێڵێکی سیاسی بەکارهێنا؛ لە گوتاریکید دا بە ئەنقەست خۆی لە باسکردنی قووڵی ئێران پاراست، تەنیا بۆ ئەوەی خامنەیی و سەرکردەکان هەست بە مەترسی نەکەن و نەچنە پەناگە ژێر زەمینییەکانەوە. لە هەمان کاتدا، سی ئای ئەی (CIA) زانیارییەکانی ئیسرائیلی پشتڕاست کردەوە کە هەموو ئەو کەسانە بەیانی رۆژی شەممە شەممە 28ی شوبات لە یەک شوێندا کۆدەبنەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 26ی شوبات کاتێک جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف لە جنێڤەوە پەیوەندییان بە ترەمپەوە کرد و پێیان راگەیاند کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێرانییەکان گەیشتوونەتە بنبەست، ترەمپ دڵنیابوو لەوەی تەنیا بژاردەی سەربازی ماوەتەوە. دواجار لە رۆژی هەینی کاتژمێر 3:38ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی واشنتن، ترەمپ فەرمانی کۆتایی هێرشەکەی واژۆ کرد. تەنیا 11 کاتژمێر دواتر، بۆمبەکان بەسەر تاراندا بارین و خامنەیی کوژرا.

ئەکسیۆس ئاشکرای دەکات کە پلانی هێرشکردنەکە بۆ کۆتایی مانگی ئادار بووە، بەڵام ناتانیاهۆ فشاری کردووە بۆ پێشخستنی کاتەکە و هۆشداری دابوو کە رەنگە سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆی ئێران لەلایەن رژێمەوە بکوژرێن. ئەم پەلەکردنە وای کرد کە ئیدارەی ترەمپ کاتی پێویستی نەبێت بۆ ئامادەکردنی رای گشتی و تەنانەت گواستنەوەی ئەو 1500 هاووڵاتییە ئەمریکییەی کە لە ناوچەکەدا مابوونەوە و دوای هێرشەکە لە ژێر مەترسی تۆڵەی ئێراندابوون.

لە کۆتاییدا، ترەمپ ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە گوایە ئیسرائیل پەلکێشی ناو جەنگەکەی کردووە و رایگەیاند: پێموایە ئێرانییەکان دەیانویست یەکەمجار هێرش بکەن، ئەگەر شتێک هەبێت، ئەوەیە کە من فشارم لە ئیسرائیل کردووە بۆ ئەم هەنگاوە.