پەیامنێری کوردستان24: بارەگایەکی حەشدی شەعبی بۆردوومان کرا
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، لە نوێترین پێشهاتەکانی ناوچەکەدا رایگەیاند، کە شەپۆلێکی تری هێرشە ئاسمانییەکان بنکەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کردووەتە ئامانج.
چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، هێرشێکی نوێ لە رێگەی درۆنێکی خۆکوژەوە کراوەتە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە پارێزگای دیالە.
دیلان بارزان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە یەکەمجار نییە ئەو ناوچەیە دەکرێتە ئامانج؛ دوو شەو پێش ئێستا لە هێرشێکی هاوشێوەدا بۆ سەر بنکەیەکی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، 4 چەکدار کوژران و 9ی دیکەش بریندار بوون.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی ، دیلان بارزان رایگەیاند: نزیک کاتژمێر 10:00ی ئەمشەو، درۆنێکی خۆکوژ ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کرا، کە بنکەی سەربازی ڤیکتۆریای هێزەکانی ئەمریکای لێیە. بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی، لەلایەن سیستەمی راداری و بەرگریی فڕۆکەخانەکەوە تێکشکێندرا و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتەوە.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، ئەمە چوارەم شەوی لەسەریەکە هێرشەکان بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان بەردەوامە و هێرشەکان تەنیا "بەرەی مقاوەمە ناگرێتەوە، بەڵکوو بنکەکانی حەشدی شەعبی و بەتایبەت گرووپەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵا لە جەرف سەخەر و عەسائیبی ئەهلی حەق و نوجەبا کراونەتە ئامانج.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەغداوە گەیشتوون، لە ئەنجامی ئەم زنجیرە هێرشانەی چەند شەوی رابردوو، تا ئێستا زیاتر لە 20 چەکداری گرووپە جیاوازەکان کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون، کە بەشێکیان بۆ نەخۆشخانەی موسەیب لە پارێزگای بابل گوازراونەتەوە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئۆپەراسیۆنی جیاواز دژی ژێرخانی سەربازیی گرووپە نزیکەکان لە ئێران و سیستەمە بەرگرییەکانی ناو خاکی ئێران ئەنجام دەدەن.