لە سێ پارێزگای عێراق هێرشکرایە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند؛ زنجیرەیەک هێرش و مووشەک پێگەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی موسەننا، ئەنبار و دیالە کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە قوربانی لێکەوتووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنیی تایبەت بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند: "مووشەکەکان ناوچەی بیابانی پارێزگای موسەننا لە نزیک شاری سەماوە کردووەتە ئامانج." ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی ئەم مووشەکانە سێ ئەندامی حەشدی شەعبی بریندار بوون.

سەبارەت بە پارێزگای ئەنبار، سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە ناوچەی "عەکاشات"ی سەر بە شارۆچکەی قائیم کراوەتە ئامانج. تا ئێستا هێرشەکە بە تەواوی روون نییە، بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێرشەکە یان بە درۆن یان لە رێگەی مووشەکەوە ئەنجامدراوە.

هەر لە چوارچێوەی ئەم هێرشانەدا، لە پارێزگای دیالە بارەگایەکی دیکەی حەشدی شەعبی بە درۆن کرایە ئامانج. سەرچاوە ئەمنییەکە پشتڕاستی کردەوە، لەم هێرشەدا یەکێک لە ئەندامانی ئەو هێزانە کوژراوە.

تائێستا هیچ لایەنێکی فەرمی وردەکاری و ناسنامەی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانەی رانەگەیاندووە.