فەرەنسا هاوسۆزی و پشتگیریی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر هێرشەکان دووپات دەکاتەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزيرى دەرەوەى فەرەنسا دۆخی ناوچهکهیان تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، درهنگانی شهوی رابردوو (سێشەممە، 03ـی ئاداری 2026)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ژۆن نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنساوە پێگەیشت.
وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "لە پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هاوسۆزی و پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، "هەردوولا پەرەسەندنە بەردەوامەکانی ناوچەکە و ئاسۆکانی چارەسەرکردنی کێشهکانیان تاوتوێ کرد و هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامیی هاوئاهەنگیی نزیکی نێوانیان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری".
ئاماژە بەوەش کراوە "نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی فەرەنسای بۆ هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە گرنگیی رۆڵی فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسییەکانی شەڕ کردەوە".