سوپاسالاری ئەمەریکا: هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران فراوانتر دەکەین

سوپاسالاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە نوێترین هەڵسەنگاندنی مەیدانیدا ڕایگەیاند کە توانای هێرشبەریی ئێران بە ڕێژەیەکی پێوانەیی دابەزیوە و سوپای ئەمەریکا ستراتیژی خۆی دەگۆڕێت بۆ فراوانکردنی بازنەی هێرشەکان بۆ ناو جەرگەی خاکی ئێران، هاوکات ئاشکرای کرد کە بۆ یەکەمجار لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، بە تۆرپیدۆ کەشتییەکی جەنگیی ئێرانیان نقوم کردووە.

چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، دان کەین سوپاسالاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاماری وردی زیانەکانی ئێرانی خستەڕوو و ڕایگەیاند: هەڵدانی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بە ڕێژەی 86% بەراورد بە ڕۆژی یەکەمی جەنگ دابەزیوە، تەنیا لە 24 کاتژمێری ڕابردووشدا 23% کەمی کردووە. سەبارەت بە درۆنەکانیش ئاماژەی بەوە دا کە "هێرشی درۆنە بۆمبرێژەکان بە ڕێژەی 73% کەمی کردووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سوپاسالاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جەختی لە کۆتاییهێنان بە هەڕەشە دەریاییەکانی ئێران کردەوە و گوتی: زیاتر لە 20 کەشتیی دەریایی ئێرانمان تێکشکاندووە.

گوتیشی: لە دەریای هیندی، بۆ یەکەمجار لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، تۆرپیدۆمان بەکارهێناوە بۆ تێکشکاندنی کەشتییەکی جەنگیی ئێران.

ئامانجی ئەمەریکا بە گوتی ژەنەراڵەکە ئەوەیە کە کار دەکەین بۆ لەناوبردنی تەواوەتی هێزی دەریایی ئێران و مسۆگەرکردنی ئەوەی کە نەتوانن جارێکی تر توانای سەربازییان بنیات بنێنەوە.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو، سوپاسالاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئێستا دەست دەکەین بە فراوانکردنی هێرشەکانمان بۆ ناوەوەی وڵات و بە شێوەیەکی پلەبەندی گورز لە قووڵایی خاکی ئێران دەوەشێنین.

لە کۆتاییدا دڵنیایی دا کە ئەمەریکا ئامادەکاری تەواوی کردووە و خاوەنی بڕی پێویست لە تەقەمەنی و زەخیرەین و هەموو ئەمانە لە پلانەکاندا هەژمار کراون.