یسرائیل کاتز: ووردەکاری هێرشکردنە سەر ئێرانی ئاشکرا کرد

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی بڕیاری دابوو کاتی هێرشکردنە سەر ئێران بۆ مانگی شوبات پێشبخات، لە کاتێکدا پێشتر پلانەکە بۆ ناوەڕاستی ساڵی 2026 دانرابوو، ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ گۆڕانی بارودۆخەکان و پێشکەوتنی توانای هەواڵگری بووە.

چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە میانی سەردانێکیدا بۆ بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل رایگەیاند: "پلانەکە وابوو هێرشەکە لە ناوەڕاستی ساڵی 2026 بێت، بەڵام پێویستییەک هاتە پێشەوە کە هەموو شتێک بۆ مانگی شوبات پێشبخەین"، ئاماژەی بەوەش کرد، خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران لە مانگەکانی کانوونی یەکەم و کانوونی دووەمی رابردوو، یەکێک بوون لەو هۆکارانەی کارەکەیان خێرا کردووە.

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" بڵاویکردەوە، ڕۆژی دووشەممەی پێش دەستپێکردنی شەڕ، بنیامین نەتانیاهۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە دۆناڵد ترەمپەوە کردووە و زانیارییەکی یەکجار گرنگی پێداوە، نەتانیاهۆ بە ترەمپی گوتووە، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و راوێژکارە باڵاکانی بڕیارە بەیانی رۆژی شەممە لە شوێنێکی دیاریکراو لە تاران کۆببنەوە و دەکرێت هەموویان لە یەک هێرشی ئاسمانی وێرانکەردا لەناو ببرێن، ئەم زانیارییە بووە هۆی ئەوەی ترەمپ بڕیاری کۆتایی بدات و رۆژی هەینی کاتژمێر 3:38ـی خوولەکی دوای نیوەڕۆ گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەکە داگیرساند.

لە راپۆرتێکی تۆڕی "سی ئێن ئێن"دا هاتووە، ئیسرائیل پشتی بە سیستمێکی هەواڵگریی زۆر پێشکەوتوو بەستووە کە کار بە "زیرەکی دەستکرد" و شیکردنەوەی "داتا زەبەلاحەکان" دەکات بۆ دیاریکردنی شوێنی خامنەیی پێش کوژرانی.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسرائیل چەندین ساڵ پێش ئێستا توانیویەتی کامێراکانی هاتووچۆی ناو شەقامەکانی تارانی پایتەخت هاک بکات، ئەمەش وای لێکردوون نەخشەیەکی وردی جووڵەی بەرپرسانی باڵای ئێران لەناو شارەکەدا بکێشن و بە ئاسانی شوێنپێیان هەڵبگرن تا ئەو ساتەی کرانە ئامانج.