نێچیرڤان بارزانی و عێراقچی دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێران دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کردەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە پەیوەندییەکەدا، وێڕای باسکردنی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی تاوتوێ کران. لەمبارەیەوە هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کردەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێم دەشڵێت: هەروەها هەردوولا داکۆکییان لە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە رێگری لە هەر هەوڵێک بکرێت بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکە.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە ململانێکان و وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت، هەروەها پشتگیری لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی شەڕ لە گەلانی ناوچەکە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکەدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی ئێران کردووە بەبۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەک لە سەرکردە و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل.
نێچیرڤان بارزانی جەختیشی لە خواستی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دۆستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، وێڕای سوپاسکردنی سەرۆکی هەرێم، رایگەیاندووە کە هێرشەکان لە کاتێکدا ئەنجام دراون کە دانوستانەکان بەردەوام بوون بۆ جاری دووەم لە نۆ مانگی رابردوودا، ئەمەش بە بەڵگەی شەڕخوازی و ناراستگۆیی ئەمەریکا لە دۆسیەی ئەتۆمیدا وەسف کرد.
عێراقچی هۆشداری دا کە ئەم هێڕشە سەربازییە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی تەواوی ناوچەکە و لێکەوتەی جیهانیی دەبێت.
تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکە تایبەت بوو بە پرسە ئەمنییەکان؛ هەردوولا باسیان لە پتەوکردنی هاوکارییەکان کرد لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، بەتایبەت لەمەڕ پاراستنی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە هەر لایەنێکی سێیەم بۆ بەکارهێنانی خاکەکە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.