کۆشکی سپی: ترەمپ لەبارەی بنکە سەربازییەکانمان پەیوەندی بە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان کردووە
سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە بنکە سەربازییەکانمان لە هەرێمی کوردستان قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد کردووە و پڕچەککردنی هێزە کوردەکانی ئێران رەت دەکەینەوە
چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، کارۆڵاین لێڤت سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی گوتی: "دەتوانم قسە لەسەر ئەو راستییە بکەم کە سەرۆک ترەمپ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوبەش و هاوپەیمان لە سەرکردەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەی کردووە، سەرۆک ترەمپ قسەی لەگەڵ سەرکردە کوردەکان کردووە لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو بنکە سەربازییانمان لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو راپۆرتانەی باس لە پڕچەککردنی هێزە کوردەکانی ئێران دەکەن هیچی راست نییە و بەتەواوی رەتی دەکەینەوە."
سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەژێر سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپدا، قۆناغێکی نوێی لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەستپێکردووە و تێیدا ئێران بە تەواوی تێکدەشکێندرێت.
لیڤت ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن بڕیارێکی بوێرانەی داوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دوای ئەوەی هەموو هەوڵەکان بۆ دانوستان و دیپلۆماسی شکستیان هێنا، و دووپاتی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچن و ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە 47 ساڵ لە حکومرانی ئێرانە
سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد کە سوپای ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" (Epic Fury)، توانیویەتی گەورەترین و پێشکەوتووترین ژێردەریایی ئێران تێکبشکێنێت و هێزی دەریایی ئەو وڵاتە لەکار بخات. جەختی کردەوە کە ئەمریکا خاوەنی کۆگای چەک و توانایەکی سەربازیی وایە کە زۆر لەوە زیاترە کە جیهان پێشبینی دەکات و ئەم هەنگاوانە نەک تەنیا بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمریکایە، بەڵکوو بۆ ئازادکردنی گەرووی هورمزە لە ژێر کۆنترۆڵی ئێران، کە ئەمەش خزمەتێکی گەورە بە کەرتی وزەی جیهانی و هاتوچۆی ئازادانەی کەشتییەکان دەکات.
لیڤت رەخنەی توندی لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا گرت و بە "لاواز" وەسفی کردن، بەتایبەت باراک ئۆباما کە تۆمەتباری کرد بەوەی بە ناردنی پارەی کاش، یارمەتی دارایی پرۆژەی ئێرانی داوە.
لە رووی دەرەنجامە مرۆیی و سیاسییەکانەوە، کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا لە دوو رۆژی یەکەمی شەڕەکەدا نزیکەی 100 هەزار کەس لە تاران هەڵاتوون. هاوکات، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بە وردی چاودێری داهاتووی دەسەڵات لە ئێران دەکات و زانیارییان هەیە کە موجتەبا خامنەیی، کوڕی ڕێبەری ئێران، هەوڵی جێگرتنەوەی باوکی دەدات.
دەشڵێت: ترەمپ لە ئێستاوە لەگەڵ راوێژکارەکانیدا تاوتوێی رۆڵی داهاتووی ئەمریکا لە ئێران دەکات بۆ قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی ململانێکان، هەرچەندە ئاماژە بەوە دراوە کە تا ئێستا هیچ پلانێک بۆ ناردنی هێزی پیادە و زەمینی بۆ ناو خاکی ئێران لە ئارادا نییە.
کۆشکی سپی دووپاتی کردەوە کە ترەمپ خۆی لە پێشوازی تەرمی ئەو سەربازە ئەمریکییانەدا دەبێت کە لەم شەڕەدا گیانیان سپاردووە، و جەختی کردەوە کە ئیدارەی ئێستا هەموو کارێک دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و دڵنیابوونەوە لەوەی کە چیتر ئێران نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی جیهانی.
کارۆلاین لیڤت رایگەیاند، تاران سەرجەم پێشنیازەکانی واشنتنی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەیشتن بە رێککەوتن رەتکردووەتەوە و لە جیاتی هەڵبژاردنی ئاشتی، رێگەی وێرانکاری گرتووەتە بەر و جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ماوەی 47 ساڵە بەردەوامە لە دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، ئەمەش وایکردووە کە ئارامی ئەمریکا بەرانبەر ئەو سیاسەتانە کۆتایی بێت.
ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبوا تاران بۆ سەلماندنی نیازپاکی خۆی و دوورکەوتنەوە لە پێکدادان، بە تەواوی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بوایە، بەڵام بەهۆی پێداگری لەسەر بەرنامە ئەتۆمی و سەربازییەکەی، هەموو دەرگاکانی دیپلۆماسی داخستووە.